Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى پارەى ئێرانییەکان بۆ ڕێگەى شەمەندەفەرى عێراق ـ سووریا بەکار دێنێ

کۆمارى ئیسلامى پارەى ئێرانییەکان بۆ ڕێگەى شەمەندەفەرى عێراق و سووریا بەکار دێنێ
تاران لە پاڵ ئەو پرۆژەیە بەنیازە بەندەرێکى دەریایی لە ناوچەى حەمیدییە لە شارى تەرتووسى ڕۆژئاوای سووریا
ئامانجى تاران لەو پرۆژەیە فراوانبوونى سەربازی و دەسەڵاتى ئاسایش و ئابووریەتى لە ناوچەکە
posted onSeptember 4, 2018
nocomment

 

کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت رێگەى هێڵى ئاسنەوە لە ئێرانەوە بە خاکى عێراقدا بگەیێنێتە سوریا بۆ ئەوەى بە ئاسانى دەستى بگاتە دەریاى ناوەڕاست

 

گرنگترین ئامانجەکانى تاران لەو پرۆژەیە فراوانبوونى سەربازی و دەسەڵاتى ئاسایش و ئابوورى وڵاتەکەیەتى لە ناوچەکە. تەیمور بەشیر کەبەندی بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێودەوڵەتی وەزارەتى رێگاوبان و بیناسازی کۆمارى ئیسلامى رایگەیاندووە "ڕێککەوتنەکانى ئەم دواییەى وڵاتەکەى و سوریا لە پرسى دووبارە بنیاتنانەوەى ئەو وڵاتە، پرسى هێڵی ئاسنینى لە خۆ گرتووە".

ئەو هێڵە ئاسنینەی کە تاران بەنیازە دروستى بکات، لە شارى شەلەمچەى ئەهوازەوە بۆ بەندەرەکانى بەسرە لە باشوورى عێراق بۆ ناوچەى ئەلبوکەمالى سووریا و لەوێشەوە بۆ دێرەزووری رۆژئاوای دیمەشق دەچێت. ئەو بەرپرسەی تاران وەک ئاژانسى وڵاتەکەى بڵاوی کردووەتەوە "گرنگییەکى ستراتیژیی هەیە کە ئێران بە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبەستێتەوە".

کەبەندی ئاشکراشی کرد "تاران لە پرسى ئەو هێڵە ئاسنینە دانووستاندنى لەگەڵ هەردوو حکومەتى سووریا و عێراق  کردووە". جگە لە قازانجە ئابوورییەکەى بۆ ئێران کە لەو رێگەیەوە گەشتیاریی ئایینى گەشە دەکەن، پرسى سەربازی و ئاسایش بۆ تاران مسۆگەرتر دەکات تا بتوانێت هێڵى راستەوخۆ بۆ خۆى دروست بکات.

تاران لە پاڵ ئەو پرۆژەیە بەنیازە بەندەرێکى دەریایی لە ناوچەى حەمیدییە لە شارى تەرتووسى ڕۆژئاوای سووریا دروست بکات، بۆ ئەوەى ئاڵوگۆری بازرگانی لە دەریاى ناوەڕاست ئەنجام بدات و هاوشێوەى رووسیا دوو پێگەى سەربازیش لەو ناوچەیە دروست بکات. لەگەڵ تەواوبوونى ئەو پرۆژەیە، مەترسییەکى گەورە بۆ فراوانبوونى دەسەڵاتەکانى کۆمارى ئیسلامى لەنێو دیمەشق دروست دەکات و تەنانەت ئیسرائیلیش لەسەر ئەو پرسە هاتۆتە دەنگ. تەلئەبیب داواى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتى سووریا کردووە، بۆ ئەوەى رێگە لەو رێڕەوە سەربازییەى ئێرانییە بگرن.

لەم چەند مانگەى دواییدا هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە سووریا، پانتایی هیزە سەربازییەکانى ئێرانی کەمتر کردووەتەوە، کە لە چوارچێوەى سوپای پاسداران و میلیشیا ئەفغانی و عێراقییە نزیکەکانى خۆى لە بیابانەکانى شام بڵاوە پێ کردبوون، بە تایبەت لە سێگۆشەى "عێراق ـ سووریا ـ ئەردەن"، بۆ ئەوەى هێڵی زەمینى ستراتیژی "تاران ـ بەغدا ـ دیمەشق ـ بەیروت" بپارێزێت.

ئەو بڵاوەپێکردنە سەربازییەش بە سەرپەرشتى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودسی سەر بە سوپاى پاسداران بەڕێوە دەچێت تا پرۆژەى هیلالی شێعى لەسەر نەخشەى عێراق و سووریا و لوبنان جێبەجێ بکات. زۆربەى کات تاران بۆ دەربازبوون لە ئاڵۆزی و قەیرانە ئابوورییەکانى، پەنا بۆ پڕۆژە دەرەکییەکانى وڵاتانى دراوسێ و ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەبات تا لەوێوە خۆى لەسزا ئابوورییەکانى رۆژئاوا دەرباز بکات و دەوریان بداتەوە. چاودێرانیش ئاشکرای دەکەن "دواى ئەوەى تاران ملیارەها دۆلاری خەڵکى ئێرانى بۆ پتەوکردنى شوێنپێی خۆى لە بوارى سەربازی، سیاسی و کلتووری لە سووریا و عێراق خەرج کردووە، ئێستا کاتى دوورینەوەى بەرهەمەکانیەتى".

لەو بارەیەوەش فەرماندەى پێشووی سوپاى پاسدارانی دووپاتی کردووەتەوە "وڵاتەکەى توانیویەتى وەبەرهێنان لە کانەکانى فۆسفاتی سووریا بکات و ئێستاش دەیەوێت وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازی کەناری دەیای ناوەڕاستە". شایەنى باسە ئەم هێڵەى شەمەندەفەرەى کۆمارى ئیسلامى کە لە ئێرانەوە بە ناو خاکى عێراق و لەوێشەوە دەچێتە سوریە بۆ سەر دەریاى نێوەڕاست، بە بەهاى ژیانى خەڵکى ئێران و پارەى ئێرانییەکان جێبەجێ دەکرێت!