Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى نەوتى عێراق بە قاچاخ دەبات

کۆمارى ئیسلامى نەوتى عێراق بە قاچاخ دەبات
زۆرى قاچاخبردنى نەوتى بەغدا لە ئەبوزەبی، شاریقەو رەئسولخەیمەوە دەبێت
بە نەوتى عێراقى، کۆمارى ئیسلامى رێژەى کبریتى نەوتەکەى کەم دەکاتەوە
posted onAugust 27, 2018
nocomment

 

هەریەک لە کۆمارى ئیسلامی ئێران و ئیمارەتى عەرەبی بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە نەوتى عێراق بە قاچاخ دەبەن و دەیفرۆشن و زۆربەى داهاتى ئەو فرۆشەش بۆ گرووپە چەکدار و پارتە سیاسییەکانى نێوخۆى عێراقە.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانى حکومەتى بەغدا، زیاتر لە 40 گرووپی چەکدار و نزیکەى 10 پارتى سیاسی لە عێراق و شەش پارتى کوردی پارەدارکردنی داراییان لە ڕێگەى نەوتى عێراقەوە دابین دەبێت کە زۆربەیان بە ڕێگەى قاچاخەوە دەفرۆشرێن. ئەو پرۆسەیەش لە دواى 2003ـەوە بە شێوەیەکى بەرچاو تەشەنەى کردووە و تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە، کە بە گووتەى چاودێران و بەرپرسانى بەسرا و بەغدا زیانێکى دارایی گەورەى لە خەزێنەى دەوڵەت داوە.

 

گرنگترین ئەو لایەنانەى لەبەقاچاخبردنى نەوتى عێراق تێوەگڵاون، ئیمارەتە کەلەرێگەى کۆمەڵێک مافیاى باڵاو کەسایەتى و شێخی هۆزەکانى ئەو وڵاتە پشکدارن تێیدا. بەرپرسێکى عێراق بە ئاژانسە عەرەبیەکانى راگەیاندووە "زۆربەى بەقاچاخبردنى نەوتى بەغدا لە ئەبوزەبی، شاریقەو رەئسولخەیمە جێگیر دەکرێن و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانى جیهان ڕەوانە دەکرێن".

 

ئاماژەى بەوەش داوە ئەو لایەنانەى کە لەسەر داهاتى نەوت درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن بریتین لە "حیزبوڵا، نوجەبا، بەدر، عەسائب"، کە لە پاڵ نەوت لە لایەن حکومەتى تارانەوەش پارەدار دەکرێن و، لە نێو لیستى تیرۆریشدا ناویان هێنراوە.

لە نێو حزبە سیاسییەکانیشدا هەر یەک لە حزبی فەزیلە، ئەنجومەنى باڵا، حزبی دەعوە و ڕەوتى سەدر سەرچاوە داراییەکەی لەسەر نەوتى عێراقە. بەو هۆیەوەش بەغدا داواى لە ئەبوزەبی کردووە کەیسى بەقاچاخبردنى نەوتى وڵاتەکەى رادەست بکاتەوە، کە لە ڕێگەى دەریاى عەرەبی کەنداودا بەرەو بازاڕەکان دەچێت.

سەرچاوەکە جەختى لەوەش کردووەتەوە جگە لە ئیمارات، ئێرانیش لەو پرۆسەیە تێوەگڵاوە، بەوەى لە ڕێگەى تێکەڵکردنى نەوتى عێراق بە نەوتەکەى خۆى و پاشان فرۆشتنەوەیان لە بازاڕەکاندا. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە رێژەى کبریتى نەوتى ئێران ئاستەکەى بەرزە و بە تێکەڵکردنى نەوتى عێراق ئەم ئاستەى کەمتر دەبێتەوە و بەنرخێکى بەرزیش دەکات.

مافیاکانى نەوتى عێراق سوودوەرگرتن لەو پرۆسەیە هەر تەنێک نەوت بە نزیکەى 250 دۆلار دەکڕن، بە جۆرێک هەر تۆنێک نەوت حەوت بەرمیل لەخۆ دەگرێت کە نرخی هەر بەرمیلێک دەکاتە 35.71 دۆلاری ئەمەریکى، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ نرخی جیهانى بەسەدا 60 کەمترە.

 

لەلایەن خۆیەوە وائیل عەبدولەتیف، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە بارەى شێوازی بەقاچاخبردنى نەوتى وڵاتەکەى ئاشکرای دەکات "چەندین بەڵگەى سەلمێنراوی لەسەر ئەو پرۆسەیە هەیە کە هەمووی لە نێو ئیماراتەوە جێبەجێ دەکرێن".

دەشڵێت "پرۆسەکە لە رێگەى کەشتییەکى بارهەڵگرەوە لەنێو دەریای نێودەوڵەتییەوە دەبێت کە کەشتیە بچووکەکان بەئاستى 10 بۆ 20 تەن نەوتى قاچاخ دەگەیەننە ئەو کەشتییە و، دواى پڕ بوونیشى بە نووسراوى ئامادەکراوی پێشوەخت لە نەوتێکى قاچاخەوە دەبێتەوە نەوتێکى فەرمی و ڕەوانەى بازاڕی جیهانی دەکرێت".

زانیارییە ئابوورییەکان دەریانخستووە کە زیانى ساڵانەى بەغدا لە بەقاچاخبردنى نەوتدا نزیکەى یەک ملیار دۆلارە، گرنگترین ئەو وڵاتانەش کە ئاسانکارییان بۆ بەقاچاخبردنى نەوتەکە کردووە تورکیا و ئێرانن لە باکوور و ئیماراتیش لەباشوور. لەسەر ئەو کەیسەش چەندین قاچاخچی بیانى وەک سووری و ئێرانى لە گرتووخانەکانی بەسرەدا کە ماوەیەک لەمەوپێش لەپرۆسەیەکى بەدواداچوونی هێزە دەریاوانییەکان دەستگیرکراون. رۆژانە نزیکەى دوو بۆ سێ هەزار تۆن نەوتى عێراقیان بەقاچاخبردبوون.

شایەنى باسە کۆمارى ئیسلامى، نەوتى هەرێمى کوردستانیش  بە تەنکەر و لە ڕێگەى قاچاخ (هەڵبەت فەرمى لە نێوان کۆمارى ئیسلامى و یەکێتى نیشتمانى) دەبات و چەندین جار لە سەر ئەم بابەتە کێشە دروست بووە.