Skip to main content

 یەپەگە لە منبج دەستى بە کشانەوە کرد

هەنگاوى یەکەمى نەخشە ڕێگەکە کە ٤٥ ڕۆژ دەخایەنێت، کشانەوەى یەپەگەیە لە منبج
هەنگاوى یەکەمى نەخشە ڕێگەکە کە ٤٥ ڕۆژ دەخایەنێت، کشانەوەى یەپەگەیە لە منبج
یەکەم هەنگاوى نەخشەڕێگەکەى ئەمریکا و تورکیا دەستى پێ کرد
posted onJune 5, 2018
nocomment


دوێنێ ئاڤاتودەى ڕاستەوخۆ و دواى کۆبوونەوەى هەردوو وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و تورکیا لە واشنتۆن، بەیاننامەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و نەخشەڕێگەکەى نێوان هەردوو وڵاتى بڵاو کردەوە.

 

 

لە هەواڵەکەى دوێنێ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى کە وەک یەکەم دەزگای میدیایی کوردى نەخشەڕێگەگەى نێوان هەردوو وڵاتى ئەمریکا و تورکیاى بڵاو کردەوە، هاتووە:

بەرپرسانى ئەمریکا و تورکیا لەمەڕ نەخشەڕێگەکەى منبج لە ڕۆژئاواى ڕووبارى فورات کە لە باکوورى سوریە هەڵکەوتووە و لە بن دەستى هێزە چەکدارەکانى هەسەدە و خودى ئەمریکادایە، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە ئەم ڕێککەوتنەیش بەم چەند هەنگاوە دەبێت و ئەو سێ هەنگاوەیش کە ئاڤاتودەى بڵاوى کردنەوە ئەوانەى خوارەوە بوون.

 یەکەم هەنگاو: هێزە کوردییەکان (مەبەستى پەکەکە و هەسەدەیە) لە ماوەى مانگێکدا منبج جێ بهێڵن.

دووەم هەنگاو: پاش ٤٥ ڕۆژ لە دەستپێکردنى نەخشەڕێگەکە هێزە سەربازی و زانیارییەکانى تورکیا و ئەمریکا کۆنتڕۆڵ و چاودێرى هاوبەش لەسەر منبج جێبەجێ بکەن.

سێیەم هەنگاو: دوو حەوتوو لە پاش قۆناغى دووەم، هێزێکى هاوبەش کە لە کەسانى ناوچەیی پێک بێن بۆ بەڕێوەبردنى منبج. واتە بە پێى نەخشەڕێگەکە و سەرنجدان بە پێکهاتەى دانیشتوانى منبج، ئەنجوومەنێکى سەربازى بۆ دابینکردنى ئاسایشى شارەکە و ئەنجوومەنێکى ناوچەییش بۆ خزمەتگوزارى پێک بهێنن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە و ڕۆژێک لە پاش واژووکردنى نەخشەڕێگەکە، یەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە کە "لە چوارچێوەی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ بانگهێشتنامەیەکمان لە ئەنجومەنی سەربازی منبجەوە پێگەیشتبوو، بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچەیە لە دەستی داعش، لەو چوارچێوەیەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان بە حکومەتی تورکیاشەوە، بەشداربووین لە ئازادکردنی ئەو ناوچەیە".

 

یەپەگە باسى لەوە کردووە کە لە دوای ئازادکردنی شارەکە و سەقامگیربوونی ئاسایش، لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی ڕادەستی ئەنجومەنی سەربازی منبج کرا و هێزەکانیان لە منبج کشانەوە و ئەوەیان لە ڕاگەیاندنەوە ئاشکرا کردبوو و "ئێستا لەسەر داوای ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بەشێک لە ڕاهێنەر و ڕاوێژکارە سەربازییەکانمان ماونەتەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەنجوومەنەکە لە بواری ڕاهێنانی سەربازی، ئەو پڕۆسەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا ئێستا بەردەوامی هەبووە، ئێستاش کە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج پێویستی بە ڕاهێنان نەماوە و ڕاهێنەرەکانیان کاری خۆیان تەواو کردووە، سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل بڕیاری کشانەوەیانی دا".

 

ئەمە یەکەم هەنگاوى نەخشەڕێگەکەى نێوان تورکیا و ئەمریکا دەبێت و بڕیار وایە تا کشانەوەى هەموو هێزەکانى یەپەگە لە منبج، دواتر هەنگاوى دووەم دەست پێ دەکات کە ٤٥ ڕۆژ پاش هەنگاوى یەکەم دەبێت و هەردوو وڵاتن کۆنتڕۆڵ و چاودێرى هاوبەش لەسەر منبج دادەنێن و پاشان هەنگاوى سێیەم و کۆتایی دێت کە دروستکردنى دوو ئەنجوومەنە بۆ شارەکە: ئەنجوومەنى سەربازى بۆ بوارى ئەمنى و ئەنجوومەنى خزمەتگوزارى بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتیانى شارەکە.