بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "حوڕە"ی ئەمریکی، سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی بۆ ناوچە سنوورییەکانی هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە..
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزە گوازراوەکان پێکهاتوون لە سێ هەزار چەکداری یەکەی تایبەتی "سابرین" و یەکەکانی هێزی وشکانی و ئاسمانی سوپای تیرۆریستی پاسداران.
لای خۆیانەوە، سەرکردایەتیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئەم جموجۆڵانە بە ئامادەکاری بۆ شەڕێکی فراوان ناودەبەن. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران سیستمی پێشکەوتووی سیخوڕی ڕووسی لە ناوچەکە جێگیر کردووە، کە لەلایەن ڕاوێژکارانی سەربازیی ڕووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن و مەبەست لێی چاودێریکردنی پەیوەندییەکان و تێکدانی هێڵە ئاسمانییەکانە.
ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوچەکەدا بەهۆی هێرشە پچڕپچڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران ڕوو لە زیادبوونە.