Skip to main content

ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات

ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات
posted onJuly 12, 2026
nocomment

میدیاکانی ئیسرائیلی، ڕۆژی شەممە بڵاویان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دروستبوونی تێکهەڵچوونێکی سەربازیی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی، یان هێرشێکی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، پلانی سەربازیی بەرفراوانی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ڕژێمی ئێران ئامادە کردووە.

بەڵام، بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێستادا پێی باشترە وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ نەچێتە نێو ململانێی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "مەئاریڤ"، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئیسرائیلی نووسیویەتی کە سوپا "پلانی هێرشبەرانەی خۆی دژ بە ڕژێمی ئێران تەواو کردووە"، لە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕێکی بەرفراوان، یان ئەگەر تاران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوە ئاسایشییە بە مەئاریڤی گوتووە: "ئەگەر ڕێبەرایەتیی سیاسیی ئیسرائیل بڕیار بدات بچێتە نێو شەڕەوە، سوپای ئیسرائیل ئەوەی لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، ئەم جارە بەدەستی دەهێنێت."

ئەو سەرچاوەیە وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئامانجەکانی ئەگەری هێرشەکان یان ئەو تواناییانەی کە لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا بەکارنەهێنراون، نەخستووەتە ڕوو.

لە هەمان کاتدا، ئەو سەرچاوە ئاسایشییە ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمەریکاییەکان، بە تایبەتی هێزی ئاسمانی، لە ئیسرائیل کردووە و گوتوویەتی: "ئەو هێزانە بەڵگەی بوونی توانای پێویست دەردەخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێک."

ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن و هەر هەنگاوێکی سەربازیی نوێ دەشێت مەترسیی فراوانتربوونی ململانێکان زیاد بکات.
هەتا ئێستا، حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی وردەکاریی ئەو پلانە سەربازییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.