هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئیلام، هاونیشتمانییەکی کوردیان بە ناوی "عەلی ئەسکەندەری" دەستبەسەر کردووە و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (کوردپا) بڵاوی کردوونەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، 31ی بانەمەڕی 1405 هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەلی ئەسکەندەری، تەمەن 41 ساڵ و بە شێوەیەکی "توندوتیژانە" دەستبەسەریان کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە، دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییە بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری بووە و دوای دەستبەسەرکردنیشی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو هاونیشتمانییە، ئاماژە بەوە کراوە کە دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی تەندروستییەوە لەبەردەستدا نییە. هەروەها ئەسکەندەری لە مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکەی و بینینی پارێزەر بێبەش کراوە.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون ڕانەگەیەندراون و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئیلامیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.