Skip to main content

ناسر بەکرزادە لە بەردەم پەتی سێدارە؛ تاوانی گەورەم کوردبوونمە

ناسر بەکرزادە لە بەردەم پەتی سێدارە؛ تاوانی گەورەم کوردبوونمە
posted onMay 20, 2026
nocomment

لە کاتێکدا تاران لەژێر سێبەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا پرۆسەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و ئەمنی خێرا کردووە، ناسر بەکرزادە، گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵەی خەڵکی ورمێ، لە نامەیەکدا لەنێو زیندانەوە هاواری نادادی دەکات و دەڵێت: "هەر ساتێک مردنی خۆم دەبینم."

لەسایەی دۆخی جەنگی و تەنگژە ئەمنییەکان، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە ماوەیەکی کەمدا لانیکەم ١٢ سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە. دۆسیەکەی ناسر تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە دیوانی باڵای دادوەری یەکلایی کرایەوە و سزای لەسێدارەدانی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بەسەردا سەپێندرا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر دوو جار بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە، سزاکەی لە هەمان دادگا هەڵوەشێندرابووەوە.

ناسر، کە پێشتر فەقێ بووە و تاقانەی خێزانەکەیەتی، باس لە خەونە کوژراوەکانی دەکات. ئەو دەڵێت باوکی ئارەزووی بوو ببێتە مامۆستای ئایینی، بەڵام ئێستا دایک و باوکی لە خەمی ئەودا "پیر و کەنفت بوون." ناسر کە چوار ساڵە لە پشت میڵەکانی زیندانە، بە خەمێکی قووڵەوە دەنووسێت: "دەستگیرانەکەم تاوەکو ئێستاش چاوەڕوانی گەڕانەوەم دەکات، نازانم چۆن پێی بڵێم کە بڕیارە لەسێدارە بدرێم."

ئەم گەنجە کوردە لە نامەکەیدا داوا لە جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات ببنە دەنگی و دەڵێت: "ورمێ لە هەموو ئێران جیاوازترە؛ یەکەمین تاوانم کوردبوونمە و دووەم تاوانیشم سووننەبوونم." ئەو جەخت دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەک دژی نییە و تەنیا لەژێر ئەشکەنجەی تونددا دانپێدانانی لێ وەرگیراوە، بۆیە داوا دەکات ڕێگری لەم "کوشتنە نادادپەروەرانەیە" بکرێت کە بڕستی لە خێزانەکەی بڕیوە.

دەقی نامەی ناسر بەکرزادە لە زیندانی ورمێوە دوای پێڕاگەیاندنی سزای لەسێدارەدان

سڵاو و ڕێز بۆ هاونیشتمانییانی ئازیز و هاوزمانە کوردە ئازاکانم،
من ناسر بەکرزادەم و دەنگم لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دەبیستن. ڕەنگە ئەمە کۆتا دەنگم بێت. من کوڕی مەلا مەنسوورم، تەمەنم ٢٦ ساڵە و دوو خوشکی بچووکتریشم هەیە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا، کاتێک لە لووتکەی ئاوات و حەزی ژیاندا بووم، دەستگیر کرام.

دایک و باوکم لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێک دەمرن و زیندوو دەبنەوە. خەمی دووری و دابڕان باری گران کردوون و لە لووتکەی گەنجیدا، پیر و کەنفت بوون. جاران دڵخۆش بوون و ئاواتیان بوو تاقانە کوڕەکەیان لە جلی زاوایەتیدا ببینن. چەند ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنم بڕیار بوو بچینە داخوازی، ئێستا ٤ ساڵە ئەو کچە چاوەڕوانی منە. ئێستاش کە چەند کاتژمێرێکە هەواڵی پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانەکەم بیستووە، نازانم چۆن پەیوەندیی پێوە بکەم و پێی بڵێم کە سزاکەم پەسند کراوە و بڕیارە لەسێدارە بدرێم.

دوای تەواوکردنی خوێندنی قوتابخانە، بەپێی بڕیاری باوکم و ئارەزووی خۆم، دەستم بە خوێندن کرد لە قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدین ئەیوبی لە پیرانشار. دوای دوو ساڵ خوێندن، بەهۆی دۆخی خێزانەکەمەوە، بڕیارم دا بەشێک لە بەرپرسیارێتی سەرشانی باوکم کەم بکەمەوە و دوکانێکی فرۆشتنی مۆبایلم لە ورمێ کردەوە.

لە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ دەستگیر کرام و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی هەواڵگریی سوپای پاسداران ڕاگیرام و لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی دەروونیدا بووم. لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دوای دوو دانیشتن لە هاوینی ٢٠٢٤، لە پاییزی هەمان ساڵدا بێ هیچ بەڵگە و دۆکیومێنتێکی پێویست، سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕیمەوە.

ئەم سزایە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤ لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دادوەریی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی یاسایی، هەڵوەشێندرایەوە. دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ کرا، بەڵام هەمان دادگا بۆ جاری دووەم و لە سێبەری جەنگێکی ١٢ ڕۆژەدا، دیسان سزای لەسێدارەدانی دەرکردەوە. ئەم سزایەش جارێکی دیکە لە پاییزی ٢٠٢٥ لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵا هەڵوەشێندرایەوە و بێتاوانیی من پشتڕاست کرایەوە.

کەچی دۆسیەکە بۆ جاری سێیەم گەڕایەوە بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی وڵاتەوە لە بەفرانباری ١٤٠٤ بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانم بەپێی نامەیەک کە لە جارەکانی پێشوو کۆپی کرابوو، دەرکرایەوە. ئەم سزایە ئەمڕۆ بەیانی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە و لە هەلومەرجی جەنگیی حاکم بەسەر وڵاتدا، پەسند کرا.

بیستنی سزای لەسێدارەدان ڕەنگە بۆ زۆربەی خەڵک تێگەیشتنی ئاسان نەبێت، بەڵام ئەم سزایە جۆرێکە کە هیچ کەس و هیچ شتێک ناتوانێت بەرگەی بگرێت. سێدارە کوشتمی، پارچەپارچەی کردم، هەموو ساتێک مردنی خۆم دەبینم و خێزانەکەشم لەپێی خستووە. بە ئاسانی بە تەنیشت ئەم نامەی لەسێدارەدانەدا تێپەڕ مەکەن، ئەمڕۆ نۆرەی منە و سبەی نۆرەی کەسێکی دیکە.

داوا لە هاونیشتمانییە ئازیزەکانم، لە کوردە بەغیرەتەکانی ناوخۆ و هەر شوێنێکی جیهان، و لە مامۆستا ئایینییەکان کە من فەقێی ئەوان بووم دەکەم، ببنە دەنگی بێدەنگیم. دەنگم بگەیەننە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە لێبوردنی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان.

ورمێ لە هەموو ئێران جیاوازترە. ئەمە لە ناخی دڵمەوە دەڵێم: یەکەمین "تاوان"م کوردبوونم بوو، دوای ئەوەش سوننەبوونم. بە هانامەوە بێن. من نە یەکەم کەسم و نە کۆتا کەس دەبم.
ناسر بەکرزادە
٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥
زیندانی ناوەندیی ورمێ