Skip to main content

چارەنووسی ئەندامێکی پژاک نادیارە؛ سوپای پاسداران دەڵێت کوژراوە و خێزانەکەشی ڕەتیدەکەنەوە

چارەنووسی ئەندامێکی پژاک نادیارە؛ سوپای پاسداران دەڵێت کوژراوە و خێزانەکەشی ڕەتیدەکەنەوە
posted onDecember 26, 2025
nocomment

نزیکەی دوو مانگە چارەنووسی موحسین قادری، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) نادیارە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنووری بانە دەستبەسەر کرا. لە کاتێکدا سوپای پاسداران بە خێزانەکەی ڕاگەیاندووە کە کوژراوە، شایەتحاڵێک دەڵێت بە زیندوویی لە زیندان بینراوە.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە هەفتەکانی ڕابردوودا خێزانی قادریان بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، لە ئەنجامی پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە کوژراوە. سوپا داوای لێکردوون هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی سەرەخۆشی بۆ ساز نەکەن.

بەڵام گێڕانەوەی سوپای پاسداران لەلایەن شایەتحاڵێک و خەڵکی ناوچەکەوە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. کۆڵبەرێک کە لە هەمان کات و شوێندا لەگەڵ موحسین قادری دەستبەسەر کرابوو، دوای ئازادبوونی بە کەفالەت، بە خێزانی قادری ڕاگەیاندووە کە هیچ پێکدادانێکی سەربازی ڕووی نەداوە و هەردوویان پێکەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی “شارامفەر” لە شاری سنە.

خێزانی قادری دوای بەدواداچوون لە ناوچەی بانە، لە ڕێگەی دانیشتووانی ناوچەکەوە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لەو ڕێکەوتەدا هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە “هەنگەژاڵ” ڕووی نەداوە.

ئەمە دووەمجارە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران هەواڵی مردنی ئەو ئەندامەی پژاک بە خێزانەکەی دەدەن. لە ساڵی ٢٠٢١ـیشدا سوپای پاسداران هەواڵی کوژرانی قادری بە بنەماڵەکەی دابوو، بەڵام دواتر بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ناوبراو لە میدیاکانی پژاک، دەرکەوت کە هێشتا لە ژیاندا ماوە.

خێزانی موحسین قادری نێگەرانی توندی خۆیان لە “سیناریۆسازی” دەزگا ئەمنییەکان دەربڕیوە و داوا دەکەن چارەنووسی کوڕەکەیان بە ڕوونی ئاشکرا بکرێت.⁩