
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ پێنج کەس لە دەستگیرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری بۆکان سەرجەم 12 جار سزای لەسێدارەدان و زیندانیی تەعزیری و پێبژاردن سزا داوە و بۆ هەشت هاونیشتمانی دیکەش سزای زیندان و سزای پێبژاردن دەرکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بیگزادە بابامیری و تەیفور سەلیمی بابامیری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دادگایی کراون و ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، حوکمەکە بە پارێزەری تۆمەتباران لە ورمێ ڕاگەیەندراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کەسانە تۆمەتی «بەغی» و «سەرپەرشتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاریی یاخیبوو» دراوەتە پاڵیان و، هەروەها لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئەشکەنجە کراون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سیناریۆسازیی ئەمنی کراون.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ هەروەها بۆ هەشت کەسی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی سیامەک هیاسی، سوارە عەزیززادە، هێمن کرمانج، حوسێن حوسێنزادە، جەلیل مەولوودی، ئەحمەد مامەزادە، جوانمێرد مامخەسرەوی و سالار داغدار، بە تۆمەتەکانی وەک «ئەندامێتی لە گرووپی یاخیبوو» لەژێر ناوی «کۆمەڵەی یاخیبووان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنکارانەی ئیسرائیل» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر»، سزای زیندانیی تەعزیری و سزای نەقدی دەرکردووە. حەوت کەس لەم کەسانە پێشتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون.
هەروەها دکتۆر سەڵاحەدین ئەحمەدی، تۆمەتبارێکی دیکەی ئەم دۆسیەیە، لە هەموو تۆمەتەکانی ئەم بەشە بێتاوان دەرچووە، بەڵام دۆسیەیەکی جیاوازی دژی ئەو بە تۆمەتی «دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆریزم» پێکهێنراوە و بۆ دادگای تاوانەکان نێردراوە.
ئەم ١٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان، لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوە و سەرەتاکانی مانگی گوڵانی ١٤٠٢دا، بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شارەکانی بۆکان و بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.