Skip to main content

لە تەقینەوەکەی بەندەرعەباس 6 ئیلامی گیانیان لەدەستداوە و 2 کەسیش بێسەروشوێنن

ئیلام
AvaToday caption
posted onMay 1, 2025
nocomment

ژمارەی ئەو کرێکارە ئیلامییانەی کە لە تەقینەوە گەورەکەی بەندەری ستراتیژی ڕەجایی لە باشووری ئێران گیانیان لەدەستدا، گەیشتە شەش کەس، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە ناسنامەی شەشەمین قوربانی لە ڕێگەی پشکنینی DNAـەوە پشتڕاستکرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چارەنووسی دوو کرێکاری دیکەی خەڵکی پارێزگای ئیلام نادیارە و بە بێسەرشوێن دادەنرێن.


سەرجەم ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەرشوێنن، خەڵکی شاری ئێوانن لە پارێزگای ئیلام. ئەم ڕووداوە کارەساتبارە کەشێکی ماتەمینی قورسی بەسەر پارێزگاکەدا هێناوە و لە شارەکانی ئیلام و ئێوان ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ماتەمگێڕی و ڕێزگرتن لە قوربانییەکان بەڕێوەچوو.


لە شاری ئێوان، کە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە لە ماتەمدایە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی کرێکارەکان بەڕێوەچوو. تەرمەکان بەپێی دابونەریتی "چەمەری" بەخاکسپێردران، کە ڕێوڕەسمێکی کۆنی ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و تێیدا دهۆڵ و زوڕنا لە کاتی شین و گریاندا دەژەنرێت.


دوایین قوربانی کە ناسنامەی ئاشکرا کرا، گەنجێک بوو بە ناوی سەعید نامی. تەرمی ئەو ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی پشکنینی DNAـەوە ناسرایەوە. سەعید تازە هاوسەرگیری کردبوو و هاوسەرە تازەبووکەکەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی بوو، نەک پێشوازیکردن لە تەرمەکەی.


لەنێو بێسەرشوێنبووەکاندا، چیرۆکی کچێکی گەنج بە ناوی سەمیرە، تەمەن ٢٠ ساڵ، جێگەی داخە. سەمیرە دوو ساڵ لەمەوبەر باوکی لەدەستدابوو و بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی و یارمەتیدانی دایکی، ڕووی لە بەندەر عەباس کردبوو. ئێستا دایکە تەنیاکەی، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی هەواڵێکە لەبارەی چارەنووسی کچەکەیەوە.


تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە بەندەری ستراتیژی ڕەجایی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٧٠ کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەسی دیکە.


جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانە ماڵییەکانیش زۆر گەورەن. بە تەنیا یەک کۆمپانیای ئیلامی کە لە بەندەرەکەدا کاری دەکرد، زیانی نزیکەی ٥٢ ملیۆن دۆلاری بەرکەوتووە.


سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکەدا، هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە و بە نادیاری ماوەتەوە.
بەڵام، لێدوانێکی کرێکارێکی ئیلامی لە کاتی سەردانێکی سارا فەلاحی، نوێنەری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران، بۆ بەندەرەکە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی کرێکارە ئیلامییەکان، هەندێک زانیاری و گومانی نوێی وروژاندووە. کرێکارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێیان وتراوە هەندێک کۆنتێنەر بەتاڵن، بەڵام دەرکەوتووە پڕبوون لە چەک و تەقەمەنی و بەرەو یەمەن دەنێردران.