Skip to main content

ئەمریکا هەر جۆرە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرجامی ڕەت کردەوە

ئەمریکا هەر جۆرە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرجامی ڕەت کردەوە
ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
posted onApril 24, 2024
nocomment

 جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دەنگۆی دەستپێکردنەوەی وتوویژەکانی بەرجام وتی: ''ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرجام وتووێژ ناکەین چ لە نیویۆرک یان لە هەر شوێنێکی تر.''

ڤێدانت پاتێل ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەر لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی وتووێژە ڕاستەوخۆەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لەئارابوونی هەرجۆره وتووێژی ناڕاستەوخۆشی لەسەر ئەم بابەته ڕەت کردەوه.

هێندێک سەرچاوە لە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی کۆماری ئیسلامی ماوەیەک لەمەوبەر ڕایانگەیاند کە ئێران نامەیەکی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە تێیدا پێشنیاری دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرنامەی ناوکی کراوە و لە ئەگەری هاوکاریی تاران و سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیییەکەی بەشێک لە گەمارۆ ئابووری و غەیرە ئابوورییەکانی هەڵدەوەشێندرێنەوە.

هەروەها جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو دانیشتنە ڕۆژنامەوانییەدا لەمەر ڕاپۆرتی نوێی واشنگتۆن سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ له ئێران و بە تایبەت هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند: ''کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی تیرۆریزمە و لە ساڵی ١٣٥٧ەوە نیشانی داوە کە گرینگی بە ئازادی نادات و لە سەرکوتکردنی جیددیی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڕەشەکردن لە میدیا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە".

ڤێدانت پاتێل زیادی کرد: "سەبارەت بەم حاڵەتانە، لە هەنگاونان بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە شارۆمەندەکانی و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان بەردەوام دەبین".

پێشتر وەزارەتی خەزێنەداری ئەمەریکا ڕایگەیاند، چوار کەس و دوو دامەزراوەی ئێرانی به تۆمەتی بەشداریان له چالاکییەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران سزا داراون و بە لیستی ڕەشی وڵایەته یەکگرتووەکان زیاد کراون.