Skip to main content

ڕاپورت/ تاوانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کۆڵبەران

ڕاپورت/ تاوانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کۆڵبەران
ڕەسمی محەممەد گەنجە، بەهمەن ڕاهپەیكەر و تەیموور تەهماسبی
هێزە حکومەتییەکانی ئێران دوای کوشتنی کۆڵبەرێک تەرمەکەیان لە ژێر بەفر ناشتووە
posted onMarch 13, 2024
nocomment

هێزەکانی سنووری ئێران له ناوچەی "پەتکێ" سەر به پیرانشار، دوای کوشتنی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆ، تەرمەکەیان لە ژێر بەفر ناشتووه و شوێنی تاوانەکەیان بەجێهێشتووه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاواتودەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، تەرمی محەممەد گەنجە، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار، دوای ٤٨ کاتژمێر گەڕان، لە ژێر بەفر لە سنووری پەتکێ سەر بە شاری پیرانشار دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەکاتێکدا دۆزراوەتەوە کە بە فیشەکێک شانی ڕاستی پێکراوە.

محەممەد گەنجە کە خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە، لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ هەتاوی، دوای ڕۆیشتنی بۆ سنووری پەتکێ بەمەبەستی کۆڵبەری، بێسەروشوێن بووە و دوای دوو شەو و ڕۆژ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

هێزەکانی سنووری ئێران، ڕۆژانه بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەوقە له کؤڵبەران دەکەن و دەیانکوژن. ئەوان بەبێ ترس له هەر جۆره لێپرسینەوەیەک ئەم تاوانگەله دووپات دەکەنەوه.

برینداربوونی دوو كۆڵبەر

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، كۆڵبەرێكی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی بەهمەن ڕاهپەیكەر، خەڵكی ئاوایی بەردەڕەشی مەریوان بە تەقەی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری مەریوان بریندار بوو.

هەروەها له هەمان شەو، كۆڵبەرێكی دیكە بە ناوی تەیموور تەهماسبی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی داڵاهوو لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە.

کۆماری ئیسلامی به ئەنقەست پێش له گەشەسەندنی شار و گوندەکانی کوردستان دەگرێت تاکوو لەم ڕێگایه پەره به هەژاری و نەداری بدات تاکو به خەیاڵی خۆی بتوانێت له ڕێگای برسی ڕاگرتنی خەڵک، پێش له شۆڕشی کوردستان بگرێت.

بۆیه خەڵک بۆ بەدەست هێنانی بژێوی ڕۆژانەیان و پاراستنی شەرەفیان ڕوو له کۆڵبەری دەکەن تاکو موحتاجی حکوومەت نەبن. ئەوان حازرن به هۆی کۆڵبەری بمرن بەڵام نەبنه پیاوی حکومەتی ئێران.