Skip to main content

لە گەورەترین ڕۆژى ئیسرائیلییەکان خوێن ڕژا

لە گەورەترین ڕۆژى ئیسرائیلییەکاندا فەلەستینییەکان خوێنیان ڕشت
ئەوڕۆ ئەمەریکا بە فەرمى و بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارى ئیسرائیل و کچ و زاواکەى سەرۆک ترامپ، باڵیۆزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم (بیتولموقەدەس) بە فەرمى کرایەوە.
posted onMay 14, 2018
nocomment

 

ئەوڕۆ باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم (بیتولموقەدەس) بە فەرمى کرایەوە، ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە لە مانگى سەرماوەزى ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆمارى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بڕیارى گواستنەوەى باڵیۆزخانەى ئەمەریکاى لە تەل ئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم دا، هەر ئەمە بووە هۆى دەستپێکردنى ناڕەزایەتى لە غەزە کە لەم پێنج مانگەدا بەلانى کەمەوە نزیکەى ٥٤ کەس کوژراون.

پێش و لە کاتى مراسیمى کردنەوەى باڵیۆزخانەکەدا سەدان فەلەستینى غەزە ویستیان بە شێوەى گەلەکۆمە بچنە نێو ئۆرشەلیم و ناڕەزایەتى دەرببڕن بەرامبەر بەم کردەیەى ئیسرائیل و ئەمەریکا، بەڵام سوپاى ئیسرائیل بە باڵەفڕەکانى سەرەتا بە گازى فرمێسکڕێژ هێرشى کردە سەر ئەو خەڵکە و بە پێى ڕاگەیاندنە عەرەبی و ئیسرائیلییەکان بە هۆى توندبوونى دۆخەکە و هێرش بە چەکى گەرم، زیاتر لە ٥٠ کەس کوژران کە منداڵیشیان لەنێودایە و نزیکەى ٢٥٠٠ کەس بریندار بوون.

ئیسرائیل دەڵێت نزیکەى "١٠ هەزار ئاژاوەچى لە نێو سنوورى کەرتى غەزە و ئیسرائیل ویستوویانە بێنە نێو ئۆرشەلیمەوە، بۆیە هێزە ئەمنییەکانمان بە پێى ستانداردەکانى ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە توندوتیژییەکانى ئەو خەڵکە وەستاوەتەوە"، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاڤیگدۆر لیبەرمەن ـى وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل گوتبووى سوپاکەى پڕچەکە و بە هەموو ئامرازەکانى بەرگرییەوە پێش بە هاتنى فەلەستینییەکان بۆ نێو سنوورەکان دەگرێت.

شایەنى باسە ئەمڕۆ باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە شارى ئۆرشەلیم (بیتولموقەدەس)ى ئیسرائی بە فەرمى و بە ئامادەبوونى جارێد کۆشنەرى ڕاوێژکارى سەرۆک ترامپ و زاواى و ئیونیکا ترامپ و ستۆن منۆچینى نوێنەرەکانى سەرۆک ترامپ سەرەتا بە فەرمى پەردە لەسەر پلاکى ناوونیشانى باڵیۆزخانەکەى ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم هەڵدرایەوە.

پاشان دەست کرا بە ئەنجامدانى مەراسیمى کردنەوەى باڵیۆزخانەکەکە کە سەرۆککۆمارى ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە ئامادە بوون و دەیڤید فریدمەن ـى باڵیۆزى ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە گوتەیەکدا گوتى: ئەگەر ئیرادەى سەرۆک ترامپ نەبوایە، ئەم گواستنەوەیە ئەنجام نەدەدرا. جان سالیڤان ـى جێگیرى وەزیرى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبرى پەمپئۆى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا قسەى کرد. ئەو گوتى: ئەمە نوێترین شوێنى دیپلۆماتیکى ویلایەتە یەکگرتووەکانە و گواستنەوەى باڵیۆزخانەکە بۆ ئۆرشەلیم بە نیشانەى فەرمیناسینە.

سەرۆککۆمارى ئەمەریکاش کە نەیتوانیبوو بەشدارى مەراسیمەکە بکات، لە پەیامێکى ڤیدیۆیی گوتى: ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا پابەندە بە بەڵێنەکانى خۆى لە گفتوگۆکانى لەسەر ئاشتى  و هیوادارین لە مانگى سپتەمبەردا ئەم گفتوگۆیە دەستکەوتى باشى هەبێت. هەروەها گوتى: ئەوڕۆ ئۆرشەلیم لانکى ئیسرائیلییەکانە. ئەم شارەش مێژوویەکى کۆنى هەیە و دڵخۆشم کە توانیم ئەم حەقیقەتە سادەیە بە فەرمى بناسێنم. بەڵێ، ئۆرشەلیم پایتەختى ڕاستەقینەى ئیسرائیلە. لە پاشاندا مێرمنداڵێکى هونەرمەند کە منداڵى ژن و مێردێکى یەهوودى لە ئەسیوپى هەڵاتوو بۆ ئیسرائیل بوون، گۆرانى "هلەلویا"ى چڕى. ئەم گۆرانییە ئایینییە بە ماناى "ستایشى یەزدان" دێت کە لیۆنارد کۆهن لە ساڵى ١٩٨٤ چڕی. لە درێژەى مەراسیمەکە، دوو پیاوى ئایینى نزایان کرد. یەکێک لە پیاوە یەهودییەکان گوتى: هیوادارم ئۆرشەلیم سەرچاوەى خێر بێت بۆ دونیا.

پاشان کۆشنەرى زاواى سەرۆک ترامپ کە ڕاوێژکاریشیەتى پەیامێکى پێشکەش کرد و گوتى: دڵى هەمیشەیی گەلى یەهودە. ڕووداوەکانى ئەوڕۆ پەیامێکى تایبەتى هەیە: سەرۆک ترامپ گەر قسەیەک بکات دەیباتە سەر. ئەمەیش پەیامێکە بۆ هاوپەیمانەکانمان و "من نەوەى بنەماڵەیەکى یەهوودیم کە لە هۆڵۆکۆست ڕزگاریان بوو. من وێنەیەکم لەوان لەسەر مێزەکەم هەیە تا بیرم بکەوێتەوە کە چۆن لەو ڕۆژە ڕەشانە ڕزگاریان بوو. سەرۆک ترامپ حەوتووى پێشوو بەڵێنێکى خۆى بردە سەر کە ئەویش دەرچوون بوو لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران. کۆمارى ئیسلامى ئێران هۆکارى ناجێگرى و پشێوینانەوەیە لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست."

پاشان ڕۆین ڕیۆلین ـى سەرۆککۆمارى ئیسرائیل گوتى: ئۆرشەلیم نوێنگەى ژیانى پێکەوەژیانى نێوان یەهوودییەکان و عەرەب و موسڵمانە. یەکپارچەیی ئیسرائیل واتە هەمووان لە شارى ئۆرشەلیم خاوەن مافى یەکسانن. لە کۆتاییدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرى ئیسرائیل گوتى: سەرۆک ترامپ بە گواستنەوەى ئەم باڵیۆزخانەیەى ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم، مێژووساز بوو. ئەم ڕۆژە لەبیر ناکەین و "ئەوڕۆ سەرەڕاى ئەوەى کە بۆ ئێمە ئیسرائیلییەکان ڕۆژێکى گەورەیە، ڕۆژێکى گەورەشە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەمەڕ ئاشتى. ئاشتییەک کە لەسەر بنەماى درۆ بێت، درێژە ناکێشێت. ئۆرشەلیم پایتەختى وڵاتى یەهودە."