بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سنە؛ زانیار محەممەدنژاد بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درا

سنە؛ زانیار محەممەدنژاد بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درا
posted onDecember 26, 2025
noبۆچوون

زانیار محەممەدنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانیەوە چەندین جار دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە کۆی گشتی چوار ساڵ بەندکردن سزا درا و هێشتا چەند دۆسیەیەکی دیکەشی لەسەر کراوەن.
زانیار محەممەدنژاد لە دوو دۆسیەی جیادا بە تۆمەتی هاوشێوە، لە هەر یەکێکیاندا بە دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیری و بژاردنی غەرامە سزا دراوە. تۆمەتە سەرەکییەکانی بریتین لە "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی فەزای مەجازییەوە".
جگە لەم چوار ساڵە، لقی 101ی دادگای شۆڕشی سنە لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی کۆماری ئیسلامی"، سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاندووە، کە هێشتا حوکمی کۆتایی دادگای پێداچوونەوەی بۆ دەرنەچووە.
محەممەدنژاد کە یەکەمجار لە کاتی خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیر کرابوو، دووەمین جار لە 19ی پووشپەڕ دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرایەوە. لەو کاتەدا مۆبایل، لاپتۆپ و کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی خۆی و خێزانەکەشی دەستیان بەسەردا گیرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی هەواڵگریی سپای پاسداران ڕاگیراوە و لەژێر فشاری توندی دەروونیدا بووە، هاوکات لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کراوە.
هاوتەریب لەگەڵ دەستبەسەرکردنی زانیار، فشارەکان بۆ سەر خێزانەکەشی زیادیان کردووە. دایکی زانیار، سەرەڕای ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیرە و نەشتەرگەریی کەمەری بۆ کراوە و چاوێکی نابینایە، لە ماوەی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیدا پێنج جار بە چاوبەستراوی بۆ لێکۆڵینەوە براوەتە ئیدارەی ئیتلاعات. هەروەها سێ ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی زانیار، براکەشی لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی دەستبەسەر کرابوون.