Ana içeriğe atla

سەرەڕای دۆخی ئابووری؛ خەڵکی سەرپێڵ زەهاو کەمپەینێک بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت

سەرەڕای دۆخی ئابووری؛ خەڵکی سەرپێڵ زەهاو کەمپەینێک بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت
posted onDecember 17, 2025
noyorum

لە شاری سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، گرووپێک لە چالاکوانانی مەدەنی هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن.
ڕێکخەرانی کەمپەینەکە لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە سندوقی کۆمەکیان داناوە و داوا لە شۆفێران و ڕێبواران دەکەن بەشداری لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوواندا بکەن. ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لافاو ناوچەی چەمچەماڵی گرتەوە و زیانێکی زۆری ماددی بە خانوو و ژێرخانی ئەو شارۆچکەیە گەیاند.
مامۆستا هیوا پاڵانی، یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئابووری و جیاوازیی دراو کرد و گوتی: "گەرچی بەهای پارەکەمان بەراورد بە دۆلار و دینار زۆر کەمە، بەڵام ویژدانمان ئاسوودە نییە بەو کارەساتەی بەسەر چەمچەماڵدا هاتووە و دەمانەوێت پەیامی هاوخەمیی خۆمانیان پێ بگەیێنین".
بە وتەی ڕێکخەران، کەمپەینەکە تەنیا پارە کۆدەکاتەوە و جەخت لەسەر پەیامی "هاوپشتیی نەتەوەیی" دەکەنەوە. چالاکوانانی سەرپێڵ زەهاو کە خۆیان پێشتر ئەزموونی کارەساتی سرووشتی (بوومەلەرزە)یان هەیە، داوا لە دانیشتووانی شارەکە دەکەن خەڵکی چەمچەماڵ بە تەنیا جێ نەهێڵن.
ئەم هەڵمەتە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو کارەساتە سرووشتییەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا (کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) ڕووی دا، کاتێک شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم چوار کەس و زیانگەیاندن بە زیاتر لە ٦٠٠ خانوو و تێکشکانی نزیکەی ٢٠٠ ئۆتۆمبێل، جگە لە وێرانبوونی ژێرخانی گشتی وەک قوتابخانەکان و کتێبخانەی گشتیی شارەکە.