Ana içeriğe atla

کۆماری ئیسلامی ناتوانێ قەیرانی ئابووری بشارێتەوە

کۆماری ئیسلامی ناتوانێ قەیرانی ئابووری بشارێتەوە
لە ماوەی ٩ مانگ، ١٤٠ هەزار کرێکار لەسەر کارەکانیان لادراون
posted onDecember 22, 2018
noyorum

 

بەڕێوەبەرانی پیشەسازی درووستکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل، ڕایدەگەیێنن لە ماوەی ٩ مانگی ڕابڕدوو ١٤٠ هەزار کرێکار لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و گریمانەى ئەوەش دەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ ٨٠٠ هەزار کەس بەرز ببێتەوە.

 

محەمەد شەهپەری لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنەرانی پارچەی ئۆتۆمبێل بە بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە توانایی بەرهەمهێنانی پارچە زۆر هاتووەتەوە خوارێ و بەرهەمهێنەرانى پارچە بە ٣٠ لەسەد تواناوە، درێژە بە کارەکانیان دەدەن و ٢ یان سێ ڕۆژ لە حەوتوودا کار ناکەن.

بەرپرسیاری ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی پارچە و ئۆتۆمبێل بە هەوڵدان بە دانی ڕووناکییەک لەسەر دۆخی کەرتی پیشەسازی ڕایگەیاندووە: کۆی گشتی داواکاری بەرهەمهێنەرانی پارچە بە نرخە کۆنەکان بڕی ٧ هەزار ملیار تمەنە. ئەگەر نرخەکان بە ڕۆژ بکرێتەوە داواکاری بەرهەمهێنەرانی پارچەی ئۆتۆمبێل لە دوو کۆمپانیای ئەو بەشە ١٥٠٠٠ ملیار تمەن دەبێ و بە تێککردنەوەی هەموو داواکارییەکان لە بەرهەمهێنەرە بچوکەکانەوە بگرە کە ئەوانیش بە ڕێژەیەک پارچەیان کڕیوە ئەو بڕە دەگاتە ١٨٠٠٠ ملیار تمەن.

مازیار بیگلو لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەت سرنجی نەخاتە سەر ئەو بەشە، پیشەسازی ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زۆر بەرەوە کۆتایی خۆی دەچێت و بە بەرەو پێش چوونی ئەو ڕەوتە تا ساڵی داهاتوو هیچ نیشانەیەک لەو کەرتە نامێنێتەوە.

پێشووتر ڕاگەیندرابوو لە ٧ مانگی سەرەتای ئەوساڵدا سەد هەزار کرێکاری بەرهەمهێنانی پارچە لە کارەکانیان دوور کەوتوونەوە. ئێستا بە بڵاو کردنەوەی ئامارێکی نوێ ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لە مانگەکانی گەڵاڕێزان و سەرماوەزدا ٤٠ هەزار کرێکاری دیکە لەو کەرتە تووشی بێکاری دەبنەوە.