Skip to main content

ئەمریکا پێشنیارەکەى دایکى ستارى قبوڵ کرد

ئەمریکا پێشنیارەکەى دایکى ستارى قبوڵ کرد
نامەى دایکێکى خەباتکار گەوهەر عیشقى، دایکى کرێکارێکى کوژراوى ئێرانى بۆ ترامپ: "نامە نانووسم بۆ خامنەیی، ئەو لە مەیتێک زیاتر نییە".
posted onAugust 24, 2019
nocomment


ئاڤاتودەى

لە هەنگاوێکى سەرنجڕکێش و بێ وێنە، دەوڵەتى ئەمریکا داواکاریی دایکە جەرگسووتاوەکەى ئێرانى قبوڵ کرد و ساڵڕۆژى لەدایکبوونى کوڕی ئەو ژنەى بە دەستى تاوانبارەکانى ڕژێمى ئێران لە زیندانەکانى ئێرانى بە "ڕۆژى دۆستایەتى ئێران و ئەمریکا" ناو نا.

برایان هۆک بەرپرسى کاروبارى ئێران لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا هەینى لە فیلمێکى کورت کە لە ماڵپەڕى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بڵاو بووەتەوە، پشتڕاستى کردەوە ئەم ڕۆژە، "ڕۆژى دۆستایەتى خەڵکى ئێران ئەمریکا"یە، هۆک لەم فیلمەدا باسى ستار و کوژرانەکەى و خەباتى دایکى دەکات.

هەینى ١ى خەرمانان (یەکى شەهریوەر/ ٢٣ى ئووت) ساڵڕۆژى لەدایکبوونى ستار بوو، ئەگەر زیندوو بوایە ئەمساڵ دەبووە ٤٢ ساڵ، بەڵام ئەو لە تەمەنى ٣٤ ساڵى کوژرا.

ستار کرێکارێکى یەکێک لە هەژارترین بنەماڵە ئێرانییەکان، لاوێکى بێبەش بەڵام تەواو هۆشیار و خەباتگێڕ کە تەنیا بە هۆى نووسینى ڕوانگەکانیەوە لە ماڵپەڕێکى شەخسى دەستبەسەر و چەند ڕۆژ دەستبەسەرى لە گرتووخانەکانى هێزە ئینتزامییەکان، بە هۆى ئەشکەنجەى زۆرى جەلادەکانەوە گیانى لەدەست دا. ستار تەنیا نانهێنەر و کاسپى ئەو ماڵە هەژارە بوو.

دواى ئەو تاوانە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩١، دیمەنى هاوار و ماتەمگێڕی خاتوو گەوهەر عیشقى دایکە زوڵملێکراوەکەى ستار تا بە ئەمڕۆ لە گوێى هەموواندا دەزرینگێتەوە و هەموو خەڵکى ئێران هاوخەمین. ئەم خاتوونە لە نامەیەک و ڤیدیۆیەکى کورتدا، پێداگرى لەوە دەکاتەوە کە سەڕاى هەموو غەم و ئازارە قووڵەکەى، بەڵام خوێنى ستارە خۆشەویستەکەى کردووەتە قوربانى "ڕۆژى دۆستایەتى ئێران و ئەمریکا".

 

گەوهەر عیشقى، ئەم خاتوونە دلێرە، زۆر هۆشیارە، خەباتگێڕترین خاتوونى ئێرانى ئێران زەمین، لە نامەکەى خۆیدا بەم شێوەیە دەنووسێت:

"سڵاوتان لێ دەکەم بەڕێز دۆناڵد ترامپ، تا سڵاوم کردبێت لە خەڵکى ئەمریکا، تا گوتبێتم: ئێمە ئێرانییەکان، دۆستى خەڵکى ئەمریکا و هەموو دونیایەن. من لە لایەن خۆمەوە، داواى لێبوردن لە یەکە بە یەکەى خەڵکى ئەمریکا دەکەم بە هۆى ئەو مەرگ بەر ئەمریکاگوتنانەى خەڵکى ئێران. من داواى لێبوردن لە شعوورى خۆشم دەکەم بە هۆى ئەم چەندین ساڵ بەدواوەچوونانە کە کەسانى وەک من تووشى هاتوون.  ئێمە فریوخواردووى دەستى خومەینى و خامنەیی و ئاخوندەکانى ئەم دەم و دەزگایەین. زۆرێکى وەک من، فریوى دەستى ئاخوندەکانین کە دەستیان لە گیرفان و خوێنى خەڵکە و خەڵکیش بەرەو سەبر و تەحەموول هەڵدەنێن!

من بێ شەرمەزارییەوە دەڵێم: ئێمە هەڵەمان کرد ئەگەر لەگەڵ درووشمەکانى کۆمارى ئیسلامى کەوتین و مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئینگلیس و مەرگ بۆ ئیسرائیلمان هەڵدا. من لەم ڕۆژانەى کۆتایی تەمەنم، بەو تێگەیشتنە گەیشتووم کە تەنانەت مەرگیشم بۆ بکوژى کوڕەکەم ناوێت. چەندین جار گوتوومە کە ئەگەر بکوژى کوڕەکەشم بێتە ماڵەکەم، وەک میوانێک پێشوازى لێ دەکەم.

بەڕێز ترامپ

کوڕەکەى من، بەکرێگیراوەکانى سەید عەلى خامنەیی، لە پێش چاوەکانمەوە لە ماڵ بردە دەرەوە و دواى سێ ڕۆژ، تەرمەکەیان دامەوە. مەگەر گوناه و تاوانى کوڕەکەى من چی بوو؟ گوناهى کوڕەکەى من نووسینى وتارێکى سادە بوو کە لە ئەنتەرنێت بڵاو بووەوە کە تەنانەت ٢٠ کەسیش نەیاندیبوو! لەم حەوت ساڵەى کە بەسەر کوژرانى کوڕەکەم تێدەپەڕێت، شوێنێک نەماوە کە من سەرم لێى نەدابێت. چەندین جار دەستبەداوێنى خامنەیی و دەسەڵاتى دادوەرى و دەوڵەتەکان و ئەندام پەرلەمانەکان بوومەتەوە تا پێیان بڵێم من لە ئێوە پارەى خوێنى کوڕەکەم ناوێت، بەڵکو دادگاییەکى دادپەروەرانەم دەوێت. دادگاییەکى ئاشکرا و دادپەروەرانە دروست بکەن و پێم بڵێن کە بۆچى و لەبەرچى کوڕەکەى منتان کوشت؟!

ڕەنگە لە خۆتان بپرسن کە من بۆچى ئەم نامەیەم بۆ ئێوە نووسیوە؟ و بۆچى ئەم نامەیەم بۆ خامنەیی نەنووسیوە؟!

لە ڕوانگەى منەوە، خامنەیی لە تەرمێک زیاتر نییە. ئەو لە ڕۆژى یەکەمەوە کە درۆى کرد و هەر لەو ڕۆژەوە کە دەستى خستە نێو خوێنى خەڵکەوە، مرد! ئەو ساڵیانێکە مردووە. خامنەیی هیچى بەسەر ئێران و خەڵکەکەیەوە نییە. پەیوەندى تەنیا بەو مێزەرەوە هەیە کە لەسەریەتى. مێزەرەیەک کە خوێن و درۆى لێ دەتکێت. ویستم پێتان بڵێم: ١ى خەرمانان، ساڵڕۆژى لەدایکبوونى کوڕە کوژراوەکەم، ستار بهێشتییە بە دەستى بەکرێگیراوەکانى خامنەیی.

من بیرم کردەوە و بە خۆمم گوت: لەبەر چەندین ساڵ مەرگ بۆ ئەمریکاگوتنى کەسە فریوخواردووەکانى وەک من، نەکا خەڵکى ئەمریکا لە خەڵکى ئێران عاجز و دڵڕەنجاو ببووبن؟! بە ناردنى ئەم نامەیە ویستم داوا لە بەڕێزتان بکەم: ئێمە خەڵکى ئێران، خۆمان کردووە بە ئەسیرى دەستى خامنەیی و بەکرێگیراوەکانى و ڕۆژان دەژمێرین کە ئیتر ڕۆژێک بێتە پێشەوە باسێک و ناوێک لە کۆمارى ئیسلامى نەبێت. بەڵێ، ئێمە لەگەڵ خەڵکى ئەمریکا دۆستین.

ئەم نامەیە دایکێک بۆ ئێوەى دەنووسێت کە تەنیا نانهێنەرى ماڵەکەى، لە لایەن بەکرێگیراوەکانى خامنەییەوە کوژراوە. ئەم دایکە کە حەوت ساڵە جلى ڕەشى ماتەمى کوڕەکەى دانەکەندووە، دەستى دۆستایەتى بۆ ئێوە درێژ دەکات تا ئێوەش سڵاوەکەى بە خەڵکى ئەمریکا بگەیێنن و پێیان بڵێن: گەوهەر عیشقى، هەموو خەڵکى دونیاى خۆش دەوێت و مەرگ تەنیا و تەنیا بۆ کۆمارى ئیسلامى دەخوازێت.

بەڕێز ترامپ

پێشنیارێکم بۆ دۆستایەتى هەیە. ئەمە لە من قبوڵ بکە. من خوێنەى ستار لە نێو دەستمدا دەگرم و لە پاى "دۆستایەتى خەڵکى ئێران و ئەمریکا"ى بەخاک دەسپێرم. داوا لە ئێوە دەکەم کە ڕۆژى ١ى خەرمانان کە ڕۆژى لەدایکبوونى کوڕەکەمە، بکەنە ڕۆژى دۆستایەتى نێوان خەڵکى ئەمریکا و ئێران. حەزم لێیە بەم دڵخۆشییەوە لە دونیا بڕۆم. چ ناوێکى باشە. ڕۆژى یەکى خەرمانان، ڕۆژى لەدایکبوونى ستار بهێشتى، ڕۆژى دۆستایەتى نێوان خەڵکى ئێران و خەڵکى ئەمریکا.

بە حورمەتەوە

گەوهەر عیشقى دایکى ستار بهێشتى

ئێران ـ شارستانى ڕبات کەریم

 

شایەنى باسە گەوهەر عیشقى کە وەک ناوەکەى "گەوهەر"ێکە لە "عەشق"ى دۆستایەتى و ئەمڕۆش لە ڕوانگەى خەڵکى ئێران و ئێراندۆستی دونیا بە خاتوونێکى "بەهەشتی" دەناسرێت، لە واژووکەرانى بەیاننامەى ١٤ خاتوونە بوێرەکەى ئێرانە بۆ تێپەڕین لە هەموو دەسەڵاتى ڕژێمى تاوانبارى کۆمارى ئیسلامى.