Skip to main content

کرێکاران گەورەترین قوربانى دەستى کۆمارى ئیسلامین

کرێکاران گەورەترین قوربانى دەستى کۆمارى ئیسلامین
AvaToday caption
مانگانەی کرێکارێکى ئێرانی ٣ ملیۆن و خەرجى مانگانەشی ٧ ملیۆن و نیو!
posted onAugust 6, 2019
nocomment

بە زیادبوونی نرخەکان لە بازاڕی ئێران، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن تێچووی مانگانەی ژیانی بنەماڵەکان سنوری حەوت ملیۆن و پێنسەد هەزار تمەنی بڕیوە.

هەواڵدەری ئیلنا ڕۆژی سێشەممە ١٥ گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا لە زمان فەرامەرز تۆفیقی، سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی ناوەندی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی کار نووسی: سەبەتەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ سێ ملیۆن و ٧٥٩ هەزار و ٢٦٢ تمەن بوو کە ئەو ژمارە لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ئەوساڵ ٥٧ لەسەد زیادی کردووە و لە مانگی پووشپەڕدا گەیشتووەتە ٧ ملیۆن و ٥٣١ هەزار و ٥٣٧ تمەن.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کرێکاران لە مانگی پووشپەڕی ٩٨ پێویستیان بە ٣ ملیۆن و ٧٧٢ هەزار تمەن پوڵی زیادەیە بۆ ئەوەی بتوانن هێزی کڕینی خۆیان لە ئاستی یەکەمین ڕۆژی ساڵدا بپارێزن. ئەوە لە کاتێکدایە حەقدەستی ساڵی نویی کرێکاران ٦٠٠ هەزار تمەن زیادیکردووە.

بە واتایەکی دیکە جگە لە لانیکەمی ئەو حەقدەستەی کرێکاران وەری دەگرن، مانگانە پێویستیان بە ٣ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەنی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ژیان بەسەر بەرن. پێشتر لێکدانەوەی سەبەتەی بژێوی ژیانی گرووپی کرێکارانی ئەنجومەنی بەرزی کار نیشانی دابوو کە تێچووی ژیان لە بانەمەری ٩٨ لە سنوری ٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە.

لە لایەکی دیکە هەواڵدرەی ئیلنا بڵاو کردووەتەوە کەلێنی سەبەتەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی رابردووە تا مانگی پووشپەڕ ١٠٠.٣٤لەسەد زیادی کردووە.