Skip to main content

حوسێن ئەحمەدی نیاز: دۆسیەی ڕامین جیاوازە لە دۆسیەی محەمەد سەلاس

حوسێن ئەحمەدی نیاز: دۆسیەی ڕامین جیاوازە لە دۆسیەی محەمەد سەلاس
پارێزەرەکەى ڕامین بە نووسینێک جیاوازى دۆسیەى پەناهى و سەلاس دەخاتە ڕوو.
کەیسى ڕامین حوسەین پەناهى لە چەندین ڕووەوە لە کەیسى محەمەد سەلاسى دەروێشى گۆنابادى لە زۆر ڕووەوە جیاوازە!
posted onJune 19, 2018
nocomment

 

حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری ڕامین حوسێن پەناهی لە نووسێنێکی مافناسانەدا باس لە جیاوازییەکانی دۆسیەی ڕامین حوسێن پەناهی و محەمەد سەلاس ـى دەروێشى گۆنابادى دەکات کە دووشەممە و لەسەر پرسى شێلان و کوشتنى سێ کەس لە هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى شەقامی ئینقلاب بە پاس، لەسێدارە درا.

ئەحمەدی نیاز دەڵێ: ئەگەرچی لە سێدارەدانی محەمەد سەلاس هەژێنەر بوو و لە ڕوانگەی حقوقیشەوە قسەی لەسەرە بەڵام  جیاوازی لەگەڵ دۆسیەی ڕامین یەکجار زۆرە.

ناوبراو ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات لە نووسینەکەیدا کە بەم شێوەیە ڕێک خراون:

یەکەم: محەمەد سەلاس سکاڵاکەری تایبەتی هەبوو کە دەرکردنی بڕیاڕی سێ جار قەساسی ڕاستەوخۆى بە هۆی ئەو سکاڵاکەرانەوە بەسەردا سەپێنراوبوو، بەڵام ڕامین هیچ سکاڵاکەرێکی تاکەکەسی لەسەر نییە.

دووهەم: لە دۆسیەی سەلاسدا کەسانێک کوژران و بریندار بوون، بەڵام لە دۆسیەی ڕامیندا هیچ سەرباز و کاربەدەستێکی دەسەڵات نەکوژراوە و تەنانەت خوێنیشیان لە لووتی نەهاتووە.

سێهەم: بەرامبەرى ڕامین دەسەڵاتە، بەڵام لایەنی بەرامبەر و سکاڵاکارى دۆسیەکەى محەمەد سەلاس بنەماڵەی کوژراوەکانی هێزی ئینتیزامییەکانە.

چوارەم: دۆسیەی ڕامین بە پێی یاسا دەکرێ بکەوێتە بەر لێبوردن، بەڵام دۆسیەی سەلاس ئەو یاسایەی نەدەگرتەوە، بە هۆکاری ئەوەی قەساس وەبەر لێبوردن و بەخشین ناکەوێت تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بنەماڵەى کوژراوان لێى خۆش بن.

پێنجەم: پێکهاتەى ئەو دوو دۆسیەیە جیاوازە.

شەشەم: سزای ڕامین سێدارەیە و سزای سەلاس قەساس بوو.

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا، ئەحمەدى نیاز دەڵێ "بە پێی ئەوەی ڕامین چەکدار نەبووە و لە بنەڕەتدا دەستی بۆ چەک نەبردووە و داواکاری تایبەتیشی نییە، بۆیە سزای سیدارەدانەکەى ناوبراو دەکرێ هەڵگیرێت".

لە کۆتایی قسەکانی ئەو پارێزەرەدا هاتووە کە سێدارە و قەساس هەردووکیان گیانی مرۆڤ دەستێنن و ئەوەش کارێکی نەشیاوە و نابێ قەبووڵ بکرێت و پاراستنی مافەکانی تۆمەتبار لە بنچینە بنەماییەکانى یاساکانی دادڕەسی کەیفەرییە و پێویستە دەسەڵات بەرامبەر بەو پرسە دڵ گەورە و سینگ فراوان بێت.

پارێزەری ڕامین لە نێو قسەکانیشیدا ئەوەى نەشاردووەتەوە کە ئەوپەڕی تاوانی ڕامین ئەندامەتییە لە ڕێکخراوی کۆمەڵەدا و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەو  لایەنە کە بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵدان لە دژی تەناهی نەتەوەیی دیتە ئەژمار و سزاکەشی ٢ بۆ ١٠ساڵ زیندانە. هەر بۆیە سزای سێدارە بۆ ڕامین بە پێجەوانەی یاسایە و پڕەنسیپی پاراستنی هاوسەنگی نێوان تاوان و سزای تێدا نەپارێزراوە.