Skip to main content

لە سیمنان دوو بەندکراوی دیکەی خۆپیشاندانەکان لەسێدارە دران

لە سیمنان دوو بەندکراوی دیکەی خۆپیشاندانەکان لەسێدارە دران
"جەواد زەمانی" و "ئەبولفەزڵ ساعدی"
posted onJune 16, 2026
nocomment

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسی ڕاگەیاند، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی زستانی پاردا لە پارێزگای سیمنان دەستگیر کرابوون.

ئاژانسی "میزان"ی فەرمیی دەسەڵاتی دادوەری، ڕۆژی سێشەممە 26ـی جۆزەردان ئاشکرای کرد کە "جەواد زەمانی" و "ئەبولفەزڵ ساعدی" سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە. سەرۆکی گشتیی دادگای سیمنان تۆمەتەکانی ئەو دوو گەنجەی بۆ "محارەبە، خراپەکاری لەسەر زەوی، تێکدانی موڵکی گشتی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و هەوڵدان دژی ئاسایشی ناوخۆ" گەڕاندەوە.

جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لەکاتێکدایە، کە تاوەکو پێش لەسێدارەدانەکە، هیچ زانیارییەک لەبارەی پڕۆسەی دادگاییکردن، هەبوونی پارێزەر و دۆخی یاسایی ئەم دوو کەسە بڵاو نەکرابووەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم شێوازە لە سزادان بە "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" وەسف دەکەن و گومانی جدییان لەسەر دادپەروەریی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە هەیە.