Skip to main content

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: دەبێت ئیسرائیل پشتگیری کورد بکات بۆ سەربەخۆیی

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: دەبێت ئیسرائیل پشتگیری کورد بکات بۆ سەربەخۆیی
posted onMay 20, 2026
nocomment

لە وتارێکی شیکاریدا کە ڕۆژنامەی "جێروزالەم پۆست"ی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، تیشک خراوەتە سەر هاوگرتنی چارەنووسی کورد و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. وتارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی "کوردستان" و "ئیسرائیل" بە هەمان شێوە دڵەڕاوکێ و ترس لای ناسیۆنالیستە تورکەکان و حکومەتە عەرەبییەکان دروست دەکەن، ئەمەش نیشانەی هاوبەشیی بەرژەوەندی و چارەنووسی هەردوولایە.

بەپێی وتارەکە، تورکیا مێژوویەکی زۆرە پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی بە "ئیسرائیلی دووەم" ناوزەد دەکات. وتارەکە بەراوردکارییەکی مێژوویی لە نێوان جووەکان و دۆخی ئێستای کورددا دەکات؛ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە 40 ملیۆن کورد خاوەن ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەهێزن، بەڵام نەبوونی یەکیەتیی، یەکگرتوویی و "ناوەندێکی سیاسیی یەکگرتوو" گەورەترین کۆسپی بەردەم سەربەخۆییانە، ڕێک وەک ئەو دۆخەی جووەکان پێش دروستبوونی دەوڵەتەکەیان تێیدا بوون.

لە بەشێکی تری شیکارییەکەدا هاتووە، عێراق و سووریا دەوڵەتی شکستخواردوون و تەنیا لەسەر کاغەز وەک یەکپارچە ماونەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران و تورکیاش لە داهاتوودا ڕووبەڕووی لێکترازانی نەتەوەیی دەبنەوە. ئێران بەرەو رووخان دەچێت و نەتەوەکانی وەک کورد هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدەن. لەم نێوەندەدا، ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی سروشتی دەردەکەوێت کە دەتوانێت دەوری "مامان" بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردی بگێڕێت.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە پێشنیار دەکات، تەلئەبیب سیاسەتی خۆی بەرامبەر کورد بگۆڕێت؛ لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ حزبە پەرتەوازەکان بە جیا، دەبێت داوای دروستکردنی ناوەندێکی نەتەوەیی یەکگرتوو لە کوردەکان بکات. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە سروشتییەکان و کۆتاییهێنان بەو نەخشە دەستکردانەی کە داگیرکەران کێشاویانە، ئەمەش زامنی سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.