رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعوودیە پلانێکی بۆ زیادکردنی خێرای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت داڕشتووە. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ هەر پەککەوتنێک لە گەیشتنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر بێتو ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران.
بەپێی زانیارییەکان، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، کە ڕووسیا و وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لەخۆدەگرێت، تاوتوێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی 137 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ یەکەم مانگی بەهار دەکات. ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران نرخەکانی نەوت بەرزبوونەتەوە و خواستی جیهانییش بۆ وەرزی هاوین ڕوو لە زیادبوونە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا هەشت بەرهەمهێنەری سەرەکەی ئۆپێک پڵەس، لەوانە سعوودیە، ڕووسیا، عێراق و ئیمارات کۆببنەوە. دوای سێ مانگ لە ڕاگرتنی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنان، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە دەرفەت بۆ ڕیاز و وڵاتانی وەک ئیمارات دەڕەخسێنێت تاوەکو پشکی زیاتری بازاڕی جیهانی بەدەستبهێنن. ئەم ئامادەکارییانەی سعوودیە نیشانەی نیگەرانیی بازاڕی وزەیە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوچەکەدا.