Skip to main content

نەتەنیاهۆ بۆ ترەمپ: بەرامبەر هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بەدبینم

نەتەنیاهۆ بۆ ترەمپ: بەرامبەر هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بەدبینم
posted onFebruary 12, 2026
nocomment

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە راشکاوی پێی گوتووە بە گشتی بەرامبەر بە هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران "بەدبینە".

نەتەنیاهۆ پێش جێهێشتنی واشنتن بەرەو ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، پێیوایە ئەگەر هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکرێت، دەبێت بابەتە زۆر گرنگەکان بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە لەخۆبگرێت. بە گوتەی نەتەنیاهۆ، ئەو رێککەوتنە تەنیا نابێت لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بێت، بەڵکو دەبێت پرسی مووشەکە بالیستیکەکان و چالاکیی گرووپە بە وەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا چارەسەر بکات.

سەبارەت بە تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، نەتەنیاهۆ گوتی: "بەڕێز ترەمپ پێیوایە ئێرانییەکان ئێستا تێگەیشتوون لەوەی رووبەڕووی کێ بوونەتەوە." هەروەها باسی لەوە کرد کە ترەمپ پێیوایە تاران هەست بە هەڵەی رابردووی دەکات کە رێککەوتنی نەکرد، ئەمەش رەنگە زەمینە بۆ "رێککەوتنێکی باش" خۆش بکات.

رۆژی چوارشەممە 11-02-2026، لە کۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران کردەوە. بەڵام ترەمپ هۆشدارییەکی تووندیشی دا و رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنی نوێی ئەتۆمی بەدی نەیەت، ئەوا ئەگەر هەیە ئەمریکا رێوشوێنی دیکە و کردەیی دژی تاران بگرێتەبەر.