Skip to main content

گرۆسی: ئێران رێگە بە پشکنینی سێ بنکەی سەرەکیی ئەتۆمی نادات

گرۆسی: ئێران رێگە بە پشکنینی سێ بنکەی سەرەکیی ئەتۆمی نادات
posted onDecember 15, 2025
nocomment

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشکنینەکانیان لە ئێران دەستپێکردووەتەوە، بەڵام تاران رێگە بە پشکنینی دامەزراوەکانی فەردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان نادات کە بە "بنکە سەرەکییەکان" دادەنرێن.
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە ئاژانسی "ریانوڤۆستی"ـی رووسیی راگەیاندووە، تەنیا دەستیان بەو دامەزراوانە دەگات کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەکراونەتە ئامانج.
گرۆسی دەڵێت: "ئەو سێ بنکەیەی دیکە (فەردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان) گرنگترن، چونکە هێشتا بڕێکی بەرچاو لە کەرەستە و مادەی ئەتۆمییان تێدایە و پێویستە ئێمە بۆ ئەوێ بگەڕێینەوە."
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ پشکنینی ئەو شوێنانەی رووبەڕووی هێرشی سەربازی بوونەتەوە، هیچ پرۆتۆکۆڵێکی دیاریکراو لەنێوان ئەوان و ئاژانسەکەدا نییە.
بەهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، چەند پشکنینێک بۆ ئەو بەشانە کراوە کە زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵام "لە رێککەوتنی پادماندا هیچ بڕگەیەک بۆ دۆخی جەنگ و شوێنی هێرش بۆکراو نەنووسراوە، بۆیە دەبێت رێوشوێنی بۆ دابنرێت."
کێشەی سەرەکیی نێوان ئاژانس و تاران لە ئێستادا چارەنووسی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە؛ گرۆسی داوای دەستگەیشتنی خێرا بەو بڕە یۆرانیۆمە دەکات، بەڵام ئێران دەڵێت ئەو یەدەگە لەژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندا ماوەتەوە و دەستیان پێیناگات.