تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

منداڵبەشوودان کارەساتێکى گەورەى ئینسانى

منداڵبەشوودان کارەساتێکى ئینسانى دروست کردووە
هەژارى هۆکارى گەورەیە بۆ بەشوودانى کچان لە بن سێبەرى کۆمارى ئیسلامى
واموەرگرتن هۆکارى فرۆشتن و زوو بەشوودانى کچانە
posted onAugust 19, 2018
noتعليق

 

هەواڵدەرى ئیسنا لە زمانى جیگرى کاروبارى ژنان و بنەماڵەى سەرۆککۆمارییەوە بڵاوى کردووەتەوە کە لە ساڵى ١٣٩٢ نزیکەى ٥.٤ لەسەدى هاوسەرگیرییە تۆمارکراوەکان تایبەت بوون بە کچانى خوار تەمەنى ١٥ ساڵ. ئەم ژمارەیە لە ساڵى ١٣٩٥ گەیشتە ٥.٥ لەسەد. ژنهێنانى کوڕانى خوار ١٥ ساڵ زۆر کەمترە لە بەشوودانى کچانى خوار تەمەن ١٥ ساڵ.  ساڵى ١٣٩٣، زۆرترین ڕێژەى بەشوودانى منداڵان لە ئێران تۆمار کراوە کە بە پێى ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٤٠ هەزار منداڵ (ئەو منداڵانەى هێشتا لە سەردەمى منداڵیدان) هاوسەرگیرییان پێ کراوە.

 

هەرچەندە ئەم ئامارانە تەنیا پەیوەندییان بە هاوسەرگیرییە تۆمارکراوەکانەوەیە، دەنا بەدەر لەمە هەزاران هاوسەرگیرى نایاسایی منداڵان لە ئێراندا هەیە کە بەشێکى هەرە گەورەى پەیوەندى بە هەژارى خەڵکى ئەو وڵاتەوە هەیە و ماوەیەکیشە دیاردەیەکى دیکە پەیدا بووە کە پێى دەڵێن منداڵهاوسەرى (کودک همسرى).

فاتمە زوەلقەدر نوێنەری پەڕلەمانى ئێران لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هەواڵدەری وەزارەتى وەرزش و لاوان (بورنا) بەم بارەوە باسی لەوە کردووە هۆکارى ئەوەى کە منداڵان زوو دەیاندەن بە شوو یا ژنیان بۆ دێنن، هۆکترەکەى بۆ ئەو وام و قەرزە دەگەڕێتەوە کە دەدرێت بۆ هاوسەرگیرى و بەمەیش بنەماڵەکان خۆیان لە هەژارى ڕزگار دەکەن، 'لەم بنەماڵانە ئاسانکارى بۆ هاوسەرگیرى وەک پشتیوانەیەکى ماددییە، بەڵام بێ ئاگان لەوەى کە وام و قەرزەکە کچانى خوار تەمەنى یاسایی ناگرێتەوە".

ئێران پلەیەکى گەورەى لە بەشوودانى کچان هەیە لە دونیادا!

ئێران پلەیەکى گەورەى لە بەشوودانى کچان هەیە لە دونیادا!

 

لە وەڵامی قسەکانی زوەلقەدر، محەمەد مەهدى تۆندگویان جێگرێ بەڕێوەبەری کاروباری لاوان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بورنا وەڵامى ئەم ئەندام پەرلەمانى دایەوە و گوتى "دیاردەی فرۆشتنی منداڵان بۆ واموەرگرتن ڕاست نییە و ئەوەی هەیە ئەوەیە هێندێک بنەماڵەی هەژار بە هۆی هەژاری منداڵەکانیان بە کەسانی دەوڵەمەند دەفرۆشن!"

تۆندگویان باسیشى لەوە کردووە کە "١٥ ملیۆن تمەن ناکرێت پارەیەکى هێندە باش بێت بۆ ئەوەى بنەماڵەکان منداڵەکانى خۆیانم بفرۆشن بۆ ئەوەى وام و قەرز وەربگرن".

ئەوەى جێگای تێڕامانە، ئەوەیە خودی دیاردەی منداڵفرۆشی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دیاردەیەکی زۆر ئاساییە و ئەوەی بۆیان جێگای پرسیارە ئەوەیە لە چ ڕێگایەک و بە چ ئارمانجێک منداڵان دەفرۆشرێت!

 

لە نێو منداڵانێک کە لە تەمەنێکى کەم ژیانى هاوسەرییان بۆ پێک دەهێنن، منداڵانى خوار تەمەن ١٠ ساڵیش دەبینرێت. بە پێى ئامارێک کە فەرمییە و دەشێت زۆر زیاتر بێت، منداڵانى هاوسەرپێگیراو لە خوار تەمەنى ١٠ ساڵ بەم شێوەیەیە:

▫️  لە ساڵى ١٣٩٠ى هەتاویدا، ٢٢٠ منداڵ

▫️  لە ساڵى ١٣٩١، ١٨٧ منداڵ

▫️  لە ساڵى ١٣٩٢، ٢٠١ منداڵ

▫️  لە ساڵى ١٣٩٣، ١٧٦ منداڵ

 

زۆرترین ڕێژەى منداڵانى هاوسەرپێگیراو لە نێوان تەمەنى ١٠ بۆ ١٤ ساڵ لە نێو پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:

▫️  پلەى یەکەم/ پارێزگاى خوراسانى ڕەزەوى، ٦٧٥٩ حاڵەت

▫️  پلەى دووەم/ ئازەربایەجانى ڕۆژهەڵات، ٣٣٤٨ حاڵەت

▫️  پلەى سێیەم/ سیستتان و بەلوچستان، ٢٣٥٥ حاڵەت

▫️  پلەى چوارەم/ خوزستان، ٢١٥٠ حاڵەت