دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "عیرفان ئێسفەندیاری" و "گوڵمحەممەد محەممەدی"، دوو لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان ڕاگەیاند.
ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە چوارچێوەی دۆسییەی ناسراو بە "مەیدانی عەلیخانی ئێسفەهان" دادگایی و بە سێدارە مەحکووم کرابوون.
هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە لە ڕووداوەکانی ١٨ی بەفرانباردا تێوەگلاون، کە تێیدا چوار هێزی پۆلیس و یەكەی تایبەت کوژران.
دەزگای دادوەریی ڕێژیم ئەو دوو کەسەی بە بەکارهێنانی چەک، تێکدانی موڵکی گشتی و شێواندنی تەرمی کوژراوەکان تۆمەتبار کردووە.
بەیانی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، ١٢ کەس لە تۆمەتبارانی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی" بە شێوەیەکی توندوتیژانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان گواسترابوونەوە.