بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی ئاژانسی (هرانا) بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو رۆژی سێشەممە واتە لە 30یەمین رۆژی دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی کوژرانیان پشتڕاستکراوەتەوە گەیشتووەتە 6 هەزار و 126 کەس.
ئەم ئاژانسە کە ئۆرگانی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤە لە ئێران و بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە راپۆرتە نوێیەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرباری ئەو ژمارانەی پشتڕاستکراونەتەوە، هێشتا لێکۆڵینەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە بەردەوامە کە گومانی کوژرانیان لێ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی (هرانا)، لەنێو کوژراوە پشتڕاستکراوەکاندا، 5 هەزار و 777 کەسیان خۆپێشاندەر، 86 کەسیان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ و 214 کەسیشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتن، هەروەها 49 کەسی دیکەش وەک هاووڵاتیی مەدەنی ناویان تۆمار کراوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە، بەهۆی بڕینی هێڵی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی توندی رێگەکانی پەیوەندیکردن لە ئێران، پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی ژمارەی تەواوی قوربانییەکان کارێکی ئاستەمە و پێدەچێت ژمارەی راستەقینە زۆر لەوە زیاتر بێت کە رادەگەیێندرێت.
هەفتەنامەی (تایم)ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، لە رۆژانی 8 و 9ی کانوونی دووەمدا (18 و 19ی بەفرانباری رابردوو) کە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن حکومەتەوە گەیشتە لووتکە، "ئەگەری هەیە تاوەکو 30 هەزار کەس" لە شەقامی شارە جیاجیاکاندا کوژرابن.
خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 130 شار و نزیکەی 4 هەزار خاڵی جیاوازی گرتووەتەوە.