تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازیی چەند رۆژە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبات

ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازیی چەند رۆژە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبات
posted onJanuary 28, 2026
noتعليق

لە ئانوساتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپای ئەمریکا ئەنجامدانی مانۆڕێکی ئاسمانیی چەند رۆژەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.

راگەیاندنی ئەم مانۆڕە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و گرووپە جەنگییەکەی بۆ ناوچەی بەرپرسیارێتیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستکردەوە.

ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، لە دوای تووندبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندەران لە ئێران، لە ناوچەی ئۆقیانووسی هێمن لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بەرەو کەنداو بەڕێکەوت.

هێزی ئاسمانیی سەنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەم راهێنانە سەربازییە بۆ "نیشاندانی توانای ئەمریکایە لە جێگیرکردن، بڵاوکردنەوە و بەردەوامیدان بە توانای ئاسمانیی جەنگی" لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سوپای ئەمریکا کات و شوێنی وردی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران، چەندین جار هۆشداریی دابووە کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر هێزە ئەمنییەکان خۆپێشاندەران بکوژن، ئەوا ئەمریکا دەستوەردان دەکات.

ترەمپ پێشتر هانی خۆپێشاندەرانی دابوو کە دامەزراوە حکومەتییەکان کۆنترۆڵ بکەن و بەڵێنی دابوو کە "یارمەتی لە ڕێگەیە". بەڵام دواتر سەرۆکی ئەمریکا تۆنی هەڕەشەکانی نەرمتر کردەوە و رایگەیاند، ئێران لەژێر گوشارەکانی واشنتندا پرۆسەی لەسێدارەدانی زیاتر لە 800 کەسی راگرتووە.