تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

دڕندەیی ئاشكرا لە سایەی بەرتیل و ڕانتی| لێدانی كرێكاران و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان لە کرماشان بە چرا سەوزی پۆلیس

کرماشان
posted onJune 29, 2025
noتعليق

 

لە یەكێكی دیكە لە زوڵم و ستەم و گەندەڵیی دامەزراوەیی لە قەوارەی کۆماری ئیسلامیدا، ئەفسەرانی بنکەی پۆلیسی ١٦ی سەعدی لە کرماشان، بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی فەردین کەریمی، بەرپرسی ئەم بنکەی پۆلیسە، هەڵیانکوتایە سەر سێ بنەماڵەی کرێکار لە گەڕەکی سەعدی و بە توندی لێیان دان و تەنانەت بە شێوەیەکی فیزیكی و زارەکی دەستدرێژییان کردە سەر ژنانی ناو بنەماڵەکە.

ئەم کردەوە دڕندانەیە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئەم سێ بنەماڵە کرێکارە، بە سەرمایەیەكی كەمەوە، لە پارچە زەوییەکی چۆڵدا دكەیەكی بچووکی هاوبەشییان بەڕێوە دەبرد. دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی بیناسازی لەسەر ئەو پارچە زەوییە دەستیپێکرد، خاوەنی نوێ بە پشتگوێخستنی بڕیاری کۆتایی دادگا لە بەرژەوەندیی کرێکاران، دەستی کرد بە پێدانی بەرتیل بە بنکەی پۆلیس. هێزەکانی بنکەی پۆلیس، بەبێ هیچ فەرمانێکی یاسایی، دكەكەیان ڕووخاند و بە توندوتیژییەوە هێرشیان کردە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە برینداربوونی سەختی سێ برای کرێکار دەکەن، شكانی ددانی هاوسەری یەكێك لەوان، دەرهێنانی قژ و لێدانی دوو ژنی دیکەی ناو خێزانەکە لەلایەن خودی بەڕێوەبەری پۆلیس و ئەفسەرەکانییەوە، هەروەها شكاندنی کەلوپەلی کەسی; وەک مۆبایل بۆ لەناوبردنی بەڵگەنامەکان.

لە کارێکی تری شەرمەزارکەردا، هەمان دەزگای گەندەڵ، ئێستا بە هەڵبەستنی دۆسیەیەکی ساختە بە ناوی "بەریەککەوتن لەگەڵ ئەفسەران" لەسەر كرێكارە بریندارەكان، بە نیازی دۆسیەسازی و بەلاڕێدابردنی لایەنی یاسایی ڕووداوەكەن.