تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ڕۆیتەرز: کۆمارى ئیسلامى نایهەوێت دانووستاندنە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە

ڕۆیتەرز: کۆمارى ئیسلامى نایهەوێت دانووستاندنە ئەتۆمییەکە دەست پێ بکاتەوە
AvaToday caption
posted onOctober 16, 2021
noتعليق

هەواڵدەرى ڕۆیتەرز دوێنێ هەینى ٢٣ى ڕەزبەر، لە ڕاپۆرتێکدا باسى لەوە کرد کە کۆمارى ئیسلامى ئامادە نییە دەست بە گفتوگۆکانى ڤیەن بکاتەوە و خوازیارە سەرەتا چاوپێکەوتنەکانى لە بڕۆکسێل ئەنجام بدات.

 

بەرپرسێک باڵاى یەکیەتى ئەوروپا دوێنێ هەینى بە ڕۆیتەرزى گوتووە: "ڕژێمى ئێران هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ و دانووستاندنەکان لەگەڵ زلهێزەکانى دونیا لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەکەى و تیمى دانووستانکارى کۆمارى ئیسلامی دەیهەوێت لە چەند حەوتووى ئایندە سەرەتا لەگەڵ یەکیەتى ئەوروپا لە بڕۆکسێل گفتوگۆ و کۆبوونەوە ئەنجام بدات".

هەرچەندە جۆزێب بورڵ سەرۆکى سیاسەتە دەرەکییەکانى یەکیەتى ئەوروپا لە واشنتۆن بە ڕۆژنامەنووسانى گوت کە ئەو بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ و چاوپێکەوتن لە بڕۆکسێل بە پێویست نازانێت و دەوڵەتە نوێیەکەى تاران کاتى زۆرى لەبەر دەست بووە بۆ گفتوگۆکانى ڤیەن و باسی لەوەش کرد کە پێویستە لەم بارەوە سەبوور بن، "چونکە ئێمە ناتوانین شکست بخۆین".

بورڵ گوتیشى "زەمەن خەریکە پاڵەپەستۆ و فشارمان دەخاتە  سەر" و ئەوەشى  گوت کە دەوڵەتەکەى ڕەئیسى کاتى زۆرى هەبووە بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەى کەیسەکە و فێربوون و ئاگالێبوونى تیمى گفتوگۆکار و دانووستانکار و "ئێستا ئیتر کاتى گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ و من نامەوێت بیر لە پلان بی بکەمەوە".

ڕۆیتەرز: کۆمارى ئیسلامى نایهەوێت دانووستاندن

دواى سەفەرەکەى ئینریکە مورا، هەماهەنگکەرى یەکیەتى ئەوروپا لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکەى ڤیەن بۆ تاران، ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکان باسی شکستى گفتوگۆکانیان کرد سەبارەت بە دیاریکردنى ڕێکەوتێک بۆ دەستپێکى گفتوگۆکان. ناشناڵ ئیمارات ڕۆژى ٢٢ى ڕەزبەر نووسی: بەرپرسانى یەکیەتى ئەوروپا و ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى لە گفتوگۆکانى خۆیان لە تاران شکستیان خواردووە لە دیاریکردنى زەمەن و ڕێکەوتێک بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسى ئەتۆمى، "بەڵام هەردوو لا لە چەند ڕۆژى ئایندە لە بڕۆکسێل بۆ ڕاوێژ چاویان بە یەکترى دەکەوێت".

پیتەر ستانۆ وتەبێژى یەکیەتى ئەوروپا لەم بارەوە گوتى: جۆزێف بۆرڵ بەرپرسى سیاسەتە دەرەکییەکانى یەکیەتى ئەوروپا کە لە واشنتۆنە، خەریکى چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەسەر پرسى ئەتۆمى کۆمارى ئیسلامى. هەواڵدەرى بلۆمبێرگیش ڕۆژى ٢٢ى ڕەزبەر لەم بارەوە گوتى: دیپلۆماتیکەکانى کۆمارى ئیسلامى و یەکیەتى ئەوروپا، چاوپێکەوتنەکانى خۆیان بێ دیاریکردنى ڕێکەوتى دەستپێکى گفتوگۆکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئەمریکا، کۆتایی پێ هێنا و پابەند بوون بە گفتوگۆى زیاتر لە بڕۆکسێل لە چەند ڕۆژى ئایندە.