Skip to main content

سێنتکۆم کۆتاییهاتنی نوێترین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند

سێنتکۆم کۆتاییهاتنی نوێترین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند
posted onJuly 15, 2026
nocomment

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کۆتاییان بە دوایین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە و لە ئۆپەراسیۆنێکی ٥ كاتژمێریدا لە ڕێگەی چەکی جیاوازەوە بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە.

سێنتکۆم لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە کاژێر 10:15 خولەکی شەوی دووشەممە، بە كاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، کۆتاییان بە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەمیانی ئۆپەراسیۆنە ٥ كاتژمێریەكەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ئێراندا پێکا، لەنێویاندا لە بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبوو مووسا و بەندەر عەباس."

ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەبەست لەم هێرشانە "بۆ زیاتر کەمکردنەوە و لەنێوبردنی تواناکانی ئێرانە لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان."

سێنتکۆم ڕوونیکردووەتەوە: "هێزەکانمان چەک و تەقەمەنیی زۆر وردیان دژی سیستمەکانی بەرگریی کەناراویی ئێران، بنکەکانی مووشەک و درۆن، هەروەها تواناکانی دەریایی ئەو وڵاتە بەکارهێناوە."

لە کۆتایی هاتووە: "ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون. هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە کارکردن بە وریایی، هێزی کوشندە و ئامادەیی تەواوەوە."