تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

پەکەکە لەسەر ڕۆژئاوا بێدەنگییەکەى شکاند

پەکەکە لەسەر ڕۆژئاوا بێدەنگییەکەى شکاند
AvaToday caption
posted onOctober 12, 2019
noتعليق

سێ ڕۆژە ئۆپەراسیۆنەکەى "کانى ئاشتى" سوپاى تورکیە بۆ سەر باکوورى ڕۆژئاواى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى فورات دەستى پێ کردووە و لە ئەنجامى تۆپباران و بۆمبارانەکانى ئەرتەشى تورکیە سەدان هەزار کەس ئاوارە و لە ناوچەکانى خۆیان تارێنراون و هەروەها دەیان کەس بوونەتە قوربانى کە ژن و منداڵ زۆرینەیان.

 

ئەوەى جێگەى سەرنج بوو، تا ئەو ماوەیە پارتى کرێکارانى کوردستان کە بە پەکەکە ناسراوە، لە ئاست ئەو هێرشانەى سوپاى تورکیە بێدەنگى هەڵبژاردبوو، سەرەنجەکەش لەمەوەیە کە ئەم پارتە خۆى ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات لە لایەن هێزە دروستکراوەکانى خۆى بە ناوى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) و یەپەگە و یەپەژە.

بەڵام ئێستا ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان ـ پەکەکە ڕاگەیێنراوێكی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا هەڕەشەى ئەوە دەکات کە ئەوان جەنگەکە دەگوازنەوە بۆ نێو تورکیا و هەموو ماڵێک دەکەنە بنکە و کۆڕنەکانیش دەکەنە سەنگەرى شەڕ.

ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەنووسێت "خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایە سوپای تورکیاوە داگیر دەکرێت، ئەوەی داعش لە ١٥ى ئەیلوولی ٢٠١٤ لەڕێگەی هێرشکردنە سەر کۆبانێ نەیتوانی سەر بخات، ئێستا دیکتاتۆرییەتی ئاکپارتی ـ مەهەپە کە دوژمنی کورد و مرۆڤایەتین، دەیانەوێت سەری بخەن".

ئەم ئەنجوومەنە جێبەجێکارەى پەکەکە قسەش لەسەر دیلە داعشییەکان دەکات کە دونیا وەک مەترسییەکى گەورە لەم ئۆپەراسیۆنەى تورکیە دەیانبینێت، و دەڵێت "تورکیا دەیەوێت چەتەکانی داعش کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە تێک شکێنران، سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و بەم هێزەش هەڕەشە لە تەواوی جیهان بکات".

 ئەنجوومەنەکەى پەکەکە داواى لە هێزەکانى خۆى واتە یەپەگە، یەپەژە و یەژا ستاریش دەکات چالاکییە سەربازییەکانیان لە باکووری کوردستان چڕ بکەنەوە.