تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

زانکۆی کوردستان ڕێزى لە کۆچەر بیرکار گرت

زانکۆی کوردستان ڕێزى لە کۆچەر بیرکار گرت
AvaToday caption
posted onMarch 24, 2019
noتعليق

 

کۆچەر بیرکار (فەرەیدوون درەخشانی) کە خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بەشاری مەریوانە و مامۆستای زانکۆی "کمبریج"ی بەریتانیایە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە زانکۆی کوردستانى شارى سنە ڕێز لە پلەی زانستی و ماندووبوونەکانی گیرا. کۆچەر لە هاوینی 2018 سەرکەوتنێکی گەورەى لە دونیا بە دەست هێنا و خەڵاتی "فیلدز" پێ بەخشرا کە وەک خەڵاتی نۆبێلی بیرکاری هەژمار دەکرێت.

وەک لە هەواڵێکى کوردپرێسدا هاتووە، ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە وەکالەت لە مەراسیمەکەدا مامۆستا کۆچەر بیرکاری بە کەسایەتییێکی جێ شانازیی کورد وەسف کرد و هیوای ئەوەی خواست کە لە داهاتوویێکی نزیکدا پڕۆفیسۆر بیرکار بتوانێت یارمەتیی زانکۆی کوردستان بدات بۆ پێشخستنی ئاستی زانستیی زانکۆکە.

پڕۆفیسۆر محەمەد ڕەزا درەفشە مامۆستای زانکۆی تاران لە وتارێکدا ستایشی سەرکەوتنەکەی کۆچەر بیرکاری کرد و تیشکی خستە سەر خەسارێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێران ئەوەش هەڵاتنی خوێندەواران و خاوەنبیران و پسپۆڕانی ئەو وڵاتە بوو. ئەو مامۆستایەی زانکۆی تاران لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند بەداخەوە ساڵانە زیاتر لە 20 هەزار نوخبە و خوێندەوار و دەرچوو زانکۆ و پەیمانگاکان لە ئێران هەڵدێن ئەوەش لە کاتێکدا سیستەمی پەروەردە بۆ هەر یەکەو لەو دەرچووانەی زانکۆ لانی کەم یەک ملیارد و 100 ملوێن تمەن پارەی سەرف کردووە. بەڵام بەداخەوە بەرپرسان و کاربەدەستانی حکوومی وەک پێویست خەمی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییە گەورەیە ناخۆن.

پڕۆفیسۆر ڕەحیم زارع مامۆستایێکی دیکەی زانکۆی تارانیش لە وتارەکەی خۆیدا ڕایگەیاند ئەو سەرکەوتنەی کۆچەر بیرکار ئەنجامی 18 ساڵ خوێندن و ماندووبوونی شەو و ڕۆژییە و ناکرێت ئێستا بە چەند خولەک وەسفی ئەو سەرکەوتنە بکەین.

پڕۆفیسۆر عەلی ئێرانمەنش مامۆستایێکی دیکەی زانکۆی "تربیت مدرس"ی تاران لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: ئەنجومەنی بیرکاریی ئێران بەردەوام خولیای ئەوەی بووە کە لە ئاستی جیهانی و لە ئەنجومەنی بیرکاریی عالەمیدا ئەندامێکی هەبێت و ئێستا مامۆستا کۆچەر بیرکار و خاتوو مریەم میرزاخانی ئەو هەلەیان ڕەخساندووە و هیواخوازین ئێران نوێنەرێکی لەو ئەنجومەنەدا هەبێت.

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی کۆچەر بیرکار (فەرەیدوون درەخشانی) زانای کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ئەو کەسایەتییە زانستییە وەکوو کۆچەر و پەنابەر لە وڵاتی بەریتانیایە بەڵام سەرەڕای هەموو چەڵەمەکانی ژیانی توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و جگە لەوەی ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی کامبرێجی بەریتانیایە خەڵاتی نۆبڵی بیرکاریشی بۆ ساڵی 2018 بە دەست هێنا ئەوەش جگە لەو خەڵاتانەی پێشتر لە ئاستی زانکۆ و لە ئاستی عالەمیشدا مسۆگەری کردبوو.

هەر وەک پێشکەشکاری بەرنامەکە وتی: "ئاخۆ ئەگەر کۆچەر بیرکار لە کوردستان بمایەتەوە چارەنووسی چی دەبوو؟" ڕەنگە وەکوو سەدان خوێندەوار و دەرچووی نوخبەی کوردستانی یان ناچار دەبوو کۆڵبەری و دەستفرۆشی بکات یان ئەگەر کەسێکی ناسیاوی دەستی بە جێگایێکی دەسەڵاتەوە بەند بوایە لە زانکۆکان وەکوو مامۆستای "حق التدریس" بە منەت و تەشەبوزەوە ڕێگەیان بکردایەتەوە کە بە شێوەی کاتی و بە بێ مووچە وانە بە خوێندکاران بڵێتەوە.