زێراب دەڕژێتە نێو چەمی شارەکە
سەقز ڕووبەڕووی قەیرانێکی ژینگەیی بووەتەوە بەهۆی ڕژانی ڕاستەوخۆی پاشماوەی زێرابەکان بۆ نێو چەمی سەرەکی شارەکە، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و زیادبوونی مێشوولە و مێروەکانی گواستەرەوەی نەخۆشی.
ڕژانی زێراب لە ناوچەکانی پردی قەوەخ، چەمی وەلێخان و گەڕەکی نەشمیلان، ژینگەی ناوچەکەی تێکداوە. هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە بۆ پڕبوونی ژوورەکی زێرابی شەقامی فەخر ڕازی و ڕژانی ڕاستەوخۆی چەند بۆرییەک بۆ نێو ڕووبارەکە دەگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی بە تۆڕی پاڵاوتنەوە بەسترابنەوە.
سەرەڕای داواکاری و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی دانیشتووانی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا، فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی سەقز هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و گرێدانەوەی ئەو خاڵانە بە تۆڕی سەرەکی ئاوەڕۆ نەناوە، ئەمەش مەترسییە تەندروستییەکانی لەسەر شارەکە زیاتر کردووە.