دوای ئەوەی چالاکوانانی ئیلام ناڕەزایەتییان بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ بنێشتکردن لە دار بەنەکان دەربڕی، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کۆکردنەوەی بنێشتی قەدەخە کرد.
هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ، توێژەر و چالاکانی ژینگەیی لە پارێزگای ئیلام، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبارەی دەرکردنی مۆڵەتی کۆکردنەوەی بنێشتی دارەبەنی دارستانەکانی زاگرۆس دەربڕی و بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکەیان لە قەڵەمدا.
چالاکانی ژینگەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، دارستانەکانی زاگرۆس بەهۆی وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوە و گۆڕانی کەشوهەواوە زۆر بێهێز بوون. ئەوان جەخت دەکەنەوە، هەر جۆرە بەرهەمهێنان و بریندارکردنی دارەبەنەکان بۆ دەرهێنانی بنێشت، دەبێتە هۆی لاوازبوون، تووشبوون بە نەخۆشی و وشکبوونی یەکجارەکیی دارەکان و لەناوچوونی ئەم سیستمە ژینگەییە گرنگە.
بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام دەڵێت: دار بەنەکان دەبێت چوار ساڵ بحەسێنەوە و ئەوجار بنێشتیان لێ وەربگیرێت، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم بابەتە بە وردی رەچاو نەکراوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکان پێدانی مۆڵەت بۆ کۆکردنەوەی بنێشت زیان بە دارستانەکان دەگەیەنێت.