تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری ساڵی ١٤٠٤بڵاودەکاتەوە؛ هەڵکشانی پێشێلکارییەکان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری ساڵی ١٤٠٤بڵاودەکاتەوە؛ هەڵکشانی پێشێلکارییەکان
posted onMay 19, 2026
noتعليق

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 1404، ڕەوشێکی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران وێنا کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە سایەی ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەکاندا، لانی کەم 900 هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراون، کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام بوون. لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 47 منداڵ، سێ مامۆستای ئایینی و چوار ئەندامی "خێزانە دادخوازەکان" هەن.

تەنیا لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباردا 471 کەس دەستگیرکراون، کە بەهۆی بڕانی ئینتەرنێت و دەسپێکی جەنگەوە، چارەنووسی زۆربەیان تا ئێستا نادیارە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دادگاکانی ئێران سزای جۆراوجۆریان بۆ 111 چالاکوان و هاووڵاتی بڕیوەتەوە. سەبارەت بە سزای سێدارە، جێبەجێکردنی 103 حوکم لە زیندانە جیاوازەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە، کە پێنجیان زیندانیی سیاسی و ئایینی بوون. ئێستاش نۆ زیندانیی سیاسیی کورد وەک په‌خشان عەزیزی، حاتەم ئۆزدەمیر و یوسف ئەحمەدی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان و چوار لەوان حوکمەکانیان لە دیوانی باڵا پەسند کراوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە دۆخی کۆڵبەرانیش کردووە؛ لە ماوەی ساڵەکەدا 16 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە کە 14یان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە، هەروەها 17 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. سنووری "بانە" بە هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان، خوێناویترین ناوچەی سنووری بووە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە نیشاندەری بەردەوامیی جیاکاریی سیستماتیک و توندبوونی گوشارە ئەمنییەکانن لەسەر گەلی کورد لە ئێراندا، کە لە سایەی یاسا و دامەزراوە ئەمنییەکاندا توندتر بوونەتەوە.