تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ترامپ: ئەگەر ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە بە خێرایی هێرشی دەکرێتە سەر

ترامپ: ئەگەر ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە بە خێرایی هێرشی دەکرێتە سەر
posted onDecember 31, 2025
noتعليق

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت، ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە، بە خێرایی رووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترامپ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی، ترامپ گوتی: "بۆ مووشەکی بالیستی، بەڵێ؛ بەڵام بۆ ئەتۆمی، بە خێرایی [هێرش دەکەین]".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت ئێران "رەفتاری خراپی" کردبێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تاران خەریکی کۆگاکردنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازییە. ترامپ گوتی: "ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوان دەرەنجامەکەی دەزانن؛ دەرەنجامێکی زۆر توند دەبێت، رەنگە زۆر توندتر لە جاری پێشوو".
ترامپ باسی لەوەش کرد کە ئەوان بە وردی دەزانن ئێران چی دەکات و هیوای خواست تاران هەڵەی وا نەکات، چونکە وەک خۆی گوتی: "نامەوێت سووتەمەنیی فڕۆکەیەکی B-2 بەفیڕۆ بدەم کە چوون و هاتنەکەی 37 کاژێری پێدەچێت".
سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتانیاهوو بە بەهێز وەسف کرد و رایگەیاند: "ئێمە هەر ئێستا جەنگێکی گەورەمان پێکەوە بردەوە. ئەگەر ئێرانمان تێکنەشکاندبایە، ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەدەبوو". لەگەڵ ئەوەشدا، ترامپ ئامادەیی واشنتنی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی دانوستان و گەیشتن بە "رێککەوتن"ێکی نوێ لەگەڵ ئێران و ئەوەی بە "ژیرانەترین" رێگە ناوبرد.
هاوکات، بنیامین نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل ئاگاداری مانۆڕە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئێرانە و ئەو بابەتە و پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران لەگەڵ ترامپ تاوتوێ دەکات. نەتانیاهوو گوتی: "دەبێت بۆ ئێرانی روون بکەمەوە: هەر هەنگاوێک دژی ئیسرائیل بە وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە".