تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

پە.کە.کە رایگەیاند خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە

باکووری کوردستان
ئەندامانی کۆنگرەی ١٢ی پە.کە.کە
posted onMay 12, 2025
noتعليق

پارتی کرێکارانی کوردستان پە.کە.کە ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ خۆی راگەیاند، کە لەودا بڕیار دراوە رێکخراوەکە "هەڵوەشێنرێتەوە" و "رێبازی تێکۆشانی چەکداری" کۆتایی پێبهێنرێت.

پە.کە.کە لە راگەیەنراوێکدا کە رۆژی 12.05.2025 بڵاوی کردەوە، داوای لە "هێزە نێونەتەوەییەکان" کردووە "بەرپرسیارێتی خۆیان لە سیاسەتی قڕکردن ببینن کە ماوەی سەدەیەکە دژی گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت، ڕێگر نەبن لە چارەسەریی دیموکراتیک و بانگهێشتیان دەکەین کە پشتگیرییەکی بونیادنەری پرۆسەکە بکەن."

پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی ١٩٨٤ لەسەر دەستی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پە.کە.کە دامەزراوە و لەو ٥ دەیەیەدا خەباتێکی چەکداریی چڕوپڕی دژی حکومەتی تورکیا کردووە و بە هەزاران گەریلای شەهید بوون.

رۆژی ٢٧ی فێورییەی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا داوای لە پە.کە.کە کرد لە کۆنگرەیەکدا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لەو کاتەوە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەی ئاشتییانە دەستی پێکرد.

راگەیاندنی ئاکامەکانی کۆنگرەی پە.کە.کە کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان "پارتی دەم" رایگەیاند،  ئۆجەلان لە دوا خاڵەوە دەستیپێکرد و گوتی، "ئەگەر چەک کێشەکەیە ئەوە لایدەدەین". باکرهان جەخت لەوەش دەکاتەوە چارەسەرى پرسەکە هەر لەناوخۆى تورکیایە.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی گوتەبێژى پارتى داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی" خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات و دەڵێت: "دەبێت بە تەواوەتی و لەسەرجەم رەهەندەکانەوە بەشێوەی کردەیی جێبەجێبکرێت".

میدیای نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا بڵاویکردەوە، دەزگاى میت تاوەکو کۆتایی ژوئەن بەدواداچوونی مەیدانی بۆ چەکدانان دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا روون نییە پرۆسەی چەکدانانی پە.کە.کە و چارەنووسی گەریلا و سەرکردەکانی ئەو حیزبەی باکووری کوردستان چۆن دەبێت.