تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئێران لەترسی هێرشى ئەمریکا عێراق دەکاتە قەڵغانی بەرگری

ئێران لەترسی هێرشى ئەمریکا عێراق دەکاتە قەڵغانی بەرگری
posted onJanuary 20, 2019
noتعليق

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکى فەرمی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، لە "هەر هەنگاوێکى پەرلەمانەکەى هێزە بیانییەکان ناچار بکات بکشێنەوە"، بەوەى زیانێکى گەورە بە پەیوەندییەکانى هەردوو لایەن دەگەیەنێت.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە هاوسەنگى نێو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە ئەستەم کردووە، بەتایبەت دەسەڵاتداریەتى باڵى نزیک لە کۆمارى ئیسلامی ئێران. چاودێرانى سیاسی بەغدا پێیان وایە "مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئیدارەى واشنتۆن، هەفتەى ڕابردوو لە میانەى سەردانەکەى بۆ بەغدا بە سەرکردە سیاسییەکان گەیاندووە".

هەوڵەکانى واشنتۆن، وەڵامدانەوەیەکە بۆ هەوڵەکانى بەشێک لەپارتە سیاسییەکانى بەغدا نزیک لە بەرەى ڕژێمى ئێرانە، کە دەیانەوێت لەنێو پەرلەمانى وڵاتەکەیاندا "حکومەت ناچار بکەن، سەرجەم هێزە بیانییەکان لە نێویاندا هێزە ئەمریکییەکان تا ساڵى ٢٠٢٠ خاکی عێراق چۆڵ بکەن".

ئەو لایەنەش ڕابەرایەتى ئەو جموجۆڵە سیاسییە دەکات فراکسیۆنى (عەسائیبول ئەهلی حەق)ـى نزیک ڕژێمەکەى تارانە، کە لە لایەن عەدنان فێحان سەرۆکى ئەو فراکسیۆنە دانووساندنەکان بەرێوە دەچێت، بۆ ئەوەى ژمارەیەک پەرلەمانتار و دەنگی پێویست ڕازی بکات بۆ تێپەراندنى ئەو یاسایە.

بەپێی ئەو چاودێرە سیاسییە "دەیانەوێت لە ڕێگەى ئەو یاسایە، بەغدا بکاتە پێگەیەکى هاوپەیمانى تاران و، ئەمریکاش لەو گۆڕەپانە دەربکات". لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتیش پۆمپئۆ، لە ڕێگەى سەردانە دیپلۆماتییەکانى بۆ چەندین وڵات، لەهەوڵى دروستکردنى بەرەیەکى هاوبەشە بۆ دژایەتیکردنى کۆمارى ئیسلامی و، گۆشەگیرکردنى زیاتری ئەو ڕژێمەیە.

بەڵام عەسائیبول ئەهلی حەق؛ لە پاڵ ئەو پرۆژەیە دەیەوێت "کەرستەیەکى سەرەکیی بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکاریان بهێنێت، بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى وڵاتەکەى کە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ بەرێوە بچێت زۆرینەى دەنگەکان مسۆگەر بکات".

ئەمریکا نایهەوێت پەرلەمانى عێراق بریار لەسەر هێزە هاوپەیمانەکان بدات

 

ئەو بزووتنەوەیە کەلەماوەى ڕابردوو بەشێک بوو لە ڕەوتى سەدر و، دواتر جیابووەوە و خۆى دایە بەرەى تاران، لە هەڵبژاردنەکانى ئایارى ٢٠١٨ ژمارەى کورسییەکانى لەیەک کورسى بۆ ١٥ کورسی بەرز کردەوە.

بزووتنەوەکەش لەلایەن قەیس خەزعەلی، پیاوی ئایینى توندڕەوی شێعەکان ڕابەرایەتى دەکرێت و، بەپێی زانیارییەکانى واشنتۆنیش "تۆمەتبارە بە ئەنجامدانى کۆمەڵێک هێرشى تیرۆریستى دژى هێزەکانیان ". مەترسیی ئەوەشیان هەیە "لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکانى داهاتوو ژمارەیەکى باش لە کورسییەکان بۆ خۆى مسۆگەر بکات و، پرۆژەکەى کە ساڵى ٢٠١١ ـەوە دەستى پێ کردووە، کۆتایی بهێنێت".

هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە ڕایدەگەیەنێت "پرۆژەکەیان بەتایبەتى هێزەکانى ئەمریکاى نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو هێزە ئیتالییەکانیش کە ئێستا لە بەنداوى موسڵ جێگیر کراون بۆ پاراستنى تیمى هاریکارییە لۆجیستی و، هێزەکانى تورکیا لە نزیک موسڵ کە دواى ٢٠١٤ ـەوە لەوێ جێگیر کراون دەگرێتەوە".

لە ئەگەرى دەستپێکردنى هەر گفتوگۆیەکى ئاشکراى پرۆژە یاسای دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق، کێشە بۆ سەرجەم ئەو لایەنانە دروست بکات، کە لەژێر چەتری ئێراندا نین. لە ڕووى واقیعی سیاسییەوەش هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ئاشکرا داواى مانەوەى هێزە بیانییەکان لەوڵاتەکەى بکات، چونکە هەر هەنگاوێک لەو جۆرە "باجێکى سیاسی سەخت لەکاتى هەڵبژاردنەکان دەدات".

لە نێو پەرلەمانیشدا کەزیاتر بەسەر دوو بەرەى دژ بەیەک دابەش بووە، تێپەراندنى یاسایەکى لەو جۆرەش ئاسان نییە، بۆ هەردوو لایەن، چونکە زۆربەى لایەنەکان پشت بەکۆمەڵێک کەرستەى بەردەستیان دەبەستن، تا دەستکەوتى زیاتر لە بەرامبەرەکەیان بەدەست بکەوێت.

ئێرانییەکان پشتێکى تەواویان بەسوننەکانى نێو پەرلەمان بەستووە، کەئێستا ئەوانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکانى تاران، بەتایبەت دواى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان کەبەرەى ئێران بەزۆر بەسەر لایەنەکانى دیکەیان سەپاند، ئەوان ئێستا لەو پرۆسەیە بڕیاری بێدەنگییان هەڵبژارد.

ئەو هەڵوێستەى سوننەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەسەرهاتووە، بەتایبەت لەدواى ٢٠٠٣ یەکەم پێکهاتەى عێراق بوون، دژى هاتن و مانەوەى هێزە بیانیەکان و بەتایبەت ئەمریکییەکان بوون، بەڵام لە دواى ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١١ سووربوون لە مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، هۆکارەکەشى بۆ مەترسی جینۆسایدکردنیان بوو بەدەستى هێزە شێعەمەزهەبەکان.

تاکە خاکى بەهێزی ئەمەریکییەکان دژایەتى کردنى کوردەکانە لەو پرۆژە یاسایەیە، بەتایبەت ئێستا دواى ئەو ساردییەى بەهۆى ڕیفراندۆمەکەى ئەیلوولى ٢٠١٧ ـەوە دروستبوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانى واشنتۆن و هەولێر دووبارە گەشەى بە خۆیەوە بینیوە.

کاتێکیش هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا دەستیان بەکشانەوە کرد لەسووریا، یەکەم وێستگەیان هەولێر بوو، کە پێشوازییەکى گەورەى لێکراوە.

چاودێران پێیان وایە " ەگەر هاتوو ویلایە یەکگرتووەکان نەیتوانى ڕێگری لە تێپەراندنى یاسای دەرچوونى هێزە بیانییەکان لە عێراق بگرێت، ئەوکات ناچار دەبێت سەرجەم هێزە بیانییە سەربازییەکان لە ناوچەکە کوردییەکان و هەولێر جێگیر بکات". جگە لەفشارى سیاسی واشنتۆن هیچ کەرستەیەکى ناچارکردنى بەغداى بەدەستەوە نییە لەو بڕیارەى پەرلەمان ئەگەر هاتوو دەرچوو، چونکە بەپێی دەستوور کەشێکى یاسایی بەهێزە میلیشیاکانى نزیک ئێران دەدات هێرش بکەنە سەر ئەو سەرباز و سەربازگەکانى هێزە بیانییەکان و ئەمریکا.

ئەمریکا و ئێران لە عێراق

 

ئەوەى کوشکی لێی چاوەڕوانە ئەوەیە " ئێران جەنگە بەرگرییەکانى دژى واشنتۆن لە بەغداوە دەست پێ بکات، بەتایبەت لەرێگەى یاسایەک بۆ دەرکردنى ئەو هێزانە لەسەر خاکەى، ئەمەش دەبێتە خاڵێکى ناکۆکی بۆ حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی و پەرلەمانەکەى، کەرێژەیەکی بەرزتری هەیە بەلای تاراندا". چونکە زۆربەى فراکسیۆنە شێعەکان سەرەڕاى ناکۆکییان لەگەڵ ڕژێمەکەى تاران، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا بەرەى یەکەم هەڵدەبژێرن، بەو هۆیەوەشە واشنتۆن "هیچ دۆستێکى لەنێو پەرلەماندا نییە".

ئەگەرێکى یاسایی دەتوانێت ئەو پرۆژە یاسایە پەکبخات، گەڕانەوەیە بۆ ڕێکەوتننامەى ئاسایشە، کە سەردەمى نورى مالیکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر واژوو کراوە، بۆ ئەوەى بەغدا هانا بۆ واشنتۆن ببات، تاوەکو یارمەتی بدات لە پرسە ئەمنییەکانی، بەتایبەت لەبوارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.

بۆیە عەسائیبول ئەهلی حەق دەیەوێت، عێراق بکاتە سەرى ڕمی بەرگریکردن لەئێران لەدژى ئەمریکاو، حکومەتەکەى عەبدولمەهدیش بەهۆشدارییەوە دەیەوێت ئەو پرسە بە یەکجاری چارەسەر بکات. ئێستا ئێران پێشبینى خراپترین سیناریۆکانى ئەمریکا دەکات لە پرسى تووندکردنى سزاکانى بەئەنجامدانى هێرشێکى سەربازی، ئەمەش وایکردووە "مەحمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى حکومەتەکەى حەسەن ڕوحانى سەرکۆمار ناچار کردووە بە خێرایی بگاتە عێراق و تاتوێی بژاردەکانى ڕێگرى لەو لێدانە لەگەڵ دۆستەکانى بکات".