تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

چێشتى مجێورەکەى هەژار کرایە فەڕەنسی

چێشتى مجێورەکەى هەژار کرایە فەڕەنسی
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2023
noتعليق

ئامادەکردنی کارزان حەمید ـ فەڕەنسا

لە نوێترین هەنگاویدا، ئەنیستیتوتى کورد لە پاریس، کتێبێکى مێژوویی نووسەرێکى ناوداری کوردی کردە فەڕەنسی و، وەرگێری کتێبەکەش ئاماژەى بەوە دا "لەپاڵ ئەوەى کۆمەڵێک ئاستەنگ هاتنە پێش، بەڵام توانراوە بە جوانی ئەو کتێبە بخرێتە بەردەستى خوێنەرى فەڕەنسی".

 

بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە کوردانى تاراوگە و کەسایەتییە فەڕەنسییەکان، ئەنیستیتوتى کورد لە پاریس، ئێوارەسیمینارێکی بۆ ناسناندنى کتێبی (چێشتى مجێور)ـى مامۆستا هەژار موکریانی بە زمانى فەڕەنسى، ڕێک خست.

لەو سیمینارە، مەنسوور توکمەچی، وەرگێری کتێبی چێشتى مجێور، شیکردنەوەیەکى مێژوویی بۆ ناوەرۆکى کتێبەکەو کارەکەى بۆ ئامادەبووان باس کرد و هێماى بەوەش کرد کە " کاتێک چاوخشاندنێکم بە مێژووی کۆمارى کوردستان لە شارى مەهاباد لەلایەن قازی محەمەدەوە خشاند، هیچ کەسێک و شوێن و لایەنێک ئەو مێژووییەى تۆمار نەکردووە"، ئەو کارەش وەک باسی لێوە کردووە "نارەحەتى کردم".

تووکمەچی لە لێدوانێکى تایبەت بە تۆڕی میدیایی (ئاڤاتودەى) گووتی "هەژار تەواوی مێژووی سیاسیی کوردی لە کۆمەڵەى ژێکافەوە تا کۆمارەکەى قازی محەمەد و شۆڕشەکەى بارزانى تێدا ژیاوەو، تۆماری کردووە". جەخت لەوەش دەکاتەوە کە " گرنگییەکەى چێشتى مجێور لەوەدایە بۆ ئێمەى گەلى کورد ئەوەیە ناساندنی ئەو کتێبەیە بگاتە تەواوی دونیا، تا سەرەنج لە مێژووی کورد بدەن".

هەژار ١

لەلایەن خۆشیەوە نەزەند بەگیخانی، سکرتێری گشتی ئەنیستیتوتى کورد لە پاریس رایگەیاند " خۆشحاڵ بووم، لەوەى سەرپەرشتى راستەوخۆی وەرگێڕان و ناسناندنى کتێبی چێشتى مجێورمان کرد" و بە بۆچوونى ئەو، ئەو کتێبەکە یەکێکە لە کتێبەکە هەرە گرنگەکان لە رووی مێژووییەوە، چونکە زۆربەى رووداوە گرنگ و هەستیارەکان تێدا تۆمار کراون. بەتایبەت بۆ کەسایەتییە ئەکادیمی و توێژەران.

بەگیخانی بە (ئاڤاتودەى) گووت "ئەو کتێبە سێ رەهەندی گرنگی لە خۆ گرتووە، یەکەمیان؛ مێژوویی، دووهەمیان؛ ئەنتروپۆلۆژی، سێیەمیشیان؛ ئەدەبیە".

بەگیخانى سەرەڕاى ئەرکەکانى لەگەڵ ئەنیستیتوتى کورد لە پاریس، هاوکات بەرێوەبەرى بەشى میللی و کلتووری رۆژهەڵات لە دامەزراوەى هارماتان کار دەکات، و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى پرۆسەى وەرگیڕان و چاپکردنى کتێبی چێشتى مجێوری لەگەڵ تووکمەچی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە کە " ئەرکە سەرەکییەکەى ئەو کتێبە لەسەر شانى مەنسوور تووکمەچی بووە".

ئاشکراشی دەکات " لەداهاتوودا کۆمەڵێکى دیکەى کتێبی کوردی هەیە، کار لەسەر وەرگێڕدرانى دەکرێت و، بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەى هارماتان چاپ دەکرێن و، دەخرێنە بەردەستى خوێنەرانى فەرەنسی زمان".

هەژار ٢

بەگیخانى، روونی کردەەوە کە ئەوان هانى ئەو کەسانە دەدەن، کار لەبوارى کلتووری و مێژوویی کورد دەکەن، بۆ ئەوەى پاڵپشتیان بکەن، تاوەکو بەزمانەکانى دیکەش بەرهەمەکانیان بڵاوبکرێنەوە.

هاوکات تووکمەچی نەیشاردەوە "گەورەترین کێشەى لە وەرگێڕانى ئەو کتێبە ئەوە بووە هەژار بە هیچ شێوەیەک مێژوو و بەرواری لەنێو چێشتی مجێور تۆمار نەکردووە"، بۆ چارەسەر کردنى ئەو کێشەیەش وەرگێڕ وەک باسى لێوە کرد " لە رێگەى گەڕان و خوێندنەوەى دەقە مێژووییەکانى دیکەى هاوتەریب بووە لەگەڵ ئەو رووداوەى هەژار".

چێشتی مجێور ژیاننامەی خۆنووسی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە (مامۆستا هەژار)ـە، کە تێیدا باسی سەرگوزشتەکانی ژیانی خۆی دەکات لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانى سەردەمی خۆی، هەروەها  ئەمە یەکێکە لە پەرتووکە دەگمەنەکانی ئۆتۆبیۆگرافی بە زمانی کوردی، کە ھەژار بە زمان و گێڕانەوەیەکی شیرین باسی خۆی و بەسەرھاتەکانی کردووە.  ئەوەى جێی سەرەنجە ئەو کتێبە پاش کۆچی دوایی نووسەرەکەى لە شارى کەرەجی ئێران لە ساڵى  ١٩٩٠ بڵاو بووەتەوە.