سەرکردەیەکی دیاری بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران هۆشداری دەدات کە "قەیرانی خۆراک" دەتوانێت خەڵکی برسی بێنێتە سەر شەقامەکان و ئەوەی نەتەنیاهوو بە جەنگ نەیتوانی بیکات، ئەم قەیرانە دەیکات؛ رۆژنامەیەکی نزیک لە دەسەڵاتیش قسەکانی بە "هەوڵدان بۆ سازش لەگەڵ ئەمریکا" وەسف دەکات.
حوسێن مەڕعەشی، ئەمینداری گشتیی حیزبی کارگوزارانی سازەندەگی لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "سازەندەگی" نووسیویەتی، ئابووریی ئێران لە 20 ساڵی رابردوودا "بارمتەی دۆسیەی ئەتۆمی" بووە.
مەڕعەشی دەڵێت، رێژەی هەڵئاوسان ئامانجی 12٪ـی هەبووە، بەڵام ئێستا 53٪ـی تێپەڕاندووە و مەترسیی ئەوە هەیە خەڵکی برسی بڕژێنە سەر شەقامەکان. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا بەهای دۆلار نزیکەی 23 هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 130 هەزار تمەن.
ئەم مشتومڕە نێوخۆییە دوای ئەوە دێت کە لەم دواییانەدا و لە چوارچێوەی "جەنگی 12 رۆژە"دا، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێرانی لە نەتەنز، فەردۆ و ئەسفەهان بۆردوومان کرد و لەناوبرد.
لە بەرامبەردا، رۆژنامەی "خۆراسان"ـی سەر بە بەرەی بناخەخوازان (اصولگرا)، وتارەکەی مەڕعەشی بە هەوڵێک بۆ گەورەکردنی قەیرانی ئابووری و پێشنیارکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لەقەڵەم داوە و رەتیدەکاتەوە ئابووریی وڵات بارمتەی دۆسیەی ئەتۆمی بووبێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئێران نزیکەی 7 ملیار دۆلاری راستەوخۆ لە دروستکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا خەرجکردووە و بەهۆی سزاکانیشەوە زیاتر لە 450 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی لەدەستداوە.
حوسێن سەلاحوەرز، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانیی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، سزاکان لە ماوەی 12 ساڵدا نزیکەی 1200 ملیار دۆلار زیانیان بە وڵات گەیاندووە، کە دەکاتە نزیکەی 14 هەزار دۆلار زیان بۆ هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی.